دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: لەماوەی ساڵێکدا 72 پڕۆژە بە بڕی 40 ملیار دینار جێبەجێکراون، جگە لەوەش چەندین پڕۆژەی دیکە خراونەتەوەگەڕ، بەتایبەتی پڕۆژەی دووسایدی نێوان شارە گەورەکان.
گوتیشی: دەکرێ کارەکانی ئەم کابینەیە بکرێت بە دوو قۆناغ، قۆناغی پێش کۆرۆنا وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە توانیومانە کاری باش بکەین، هەروەها هەموو وەزارەتەکانی دیکە بە ئەرکی خۆیان هەڵساون.
ئاماژەی بەوەشکرد: دوای هاتنی کۆرۆنا ستراتیجیەتی حکومەتی گۆڕانکاری بەسەر داهات، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەبوون کە خەڵکی کوردستان پارێزراوبن و کەمترین زیان بەر کوردستان بکەوێت، ڕێکارەکانی حکومەت لەو چوارچێوەیە بە سەرکەوتووترین ڕێکار دانراوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، هەروەها لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتەکان خاڵێکی دیکە لە ستراتیجیەتی حکومەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بووە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە، ڕاشیگەیاند: لەم کابینەیەدا تا ڕادەیەکی باش هەماهەنگی هەیە لە بڕیاردان، زۆرجار ڕای جیاواز هەبووە، بەڵام بڕیارەکان بە کۆدەنگی دراون، هیواخوازم ئەم کۆدەنگییە لە ئەنجومەنی وەزیران پتەوتر بکەین.
ئەوەشی خستەڕوو: دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشین و کەمدەرامەتان لە پلانی وەزارەتەکەمان دایە و ئێستا 9 هەزار یەکەی نشتەجێبوون لە واری جێبەجێکردندان، ئەگەر دۆخی دارایی لەباربێت دەمانەوێت 12 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەین.[1]