لە دۆڵی زیلان لە ناوچەی ئەردیش لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان لە 13ی تەممووزی 1930دا 50 هەزار کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژکران. لەو کۆمەڵکوژییەدا ژنان، منداڵان، بەتەمەنەکان، گەنجان و هەزاران مرۆڤ کوژران. سەرباری ئەوەی 90 ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا برینەکەی ساڕێژ نەبووە و توڕەیی لە دژی بکوژان و ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە زۆر گەورەیە.
دەیان هەزار مرۆڤ لە دۆڵی زیلان دا کوژران و بەشێوەی بە کۆمەڵ لە شوێنی جیاجیای دۆڵەکەدا بەبێ بەجێهێشتنی شوێنەوار لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان کران بە ژێر گڵەوە. تاوەکو ئێستاش شوێنی گۆڕەکانیان دیار نییە.
44 گوند سوتێنران و کاولکران
گوندەکانی هەجی کەس، حەسەن ئابدال، دۆلوجا، شاه بازاڕ، دۆگانجی، تەندورەک، چاکربەی، یلانلیک، هارهوس، بابا زەنگ، کۆمور، شۆر، شۆرک، مورشید، مەسجیدلی، کاراکیلیس، کوندوک، زۆراڤا، ئاریونیت، حەلاج کۆی، کۆش کۆپرو، کوروچەم، مولک، کیلیسە، گۆسک، پاراتاشی خواروو، پاراتاشی سەروو، بینەسی، بونیزی، پەلەخولی، کەرخ، سۆگوتلو، مگارە، کاردۆغان، کەللە، هۆستەکار، سوڤارکۆی، کزل کیلیسە، زیارەت، هیراشەن، کۆمیک، شەیتانئاڤا، بیرهان و کۆچ کۆپوری خوار، کە هەموویان دەکاتە 44 گوند سوتێنران، کاول و تاڵانکران.
زیاتر لە 50 هەزار مرۆڤ کوژران
دەوڵەتی دوای ئەوەی گوندەکانی سوتاند هەزاران کەسی بە کۆمەڵ لە ڕێگەی دەستڕێژی گوللەوە کوشت و تەرمەکانی خستنە ناو ئاگر. ئەوانەی بە زیندوویی دەرچوون دووریان خستنەوە بۆ شارە تورکەکان. دەستیان گرت بەسەر ئاژەڵ و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی گوندەکاندا. ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ژێر تەرمەکاندا بە زیندووی ڕزگاریان بوو بوو، هەڵهاتن یان ناچار بوون ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بە قاچاخ بژین. دەوڵەتی تورک ژمارەی ئەو کەسانەی لە دۆڵی زیلان دا کۆمەڵکوژکراون بە 15 هەزار کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام شایەتحاڵەکانی ئەو سەردەمە و سەرچاوەکانی تر جگە لە سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک باس لە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە 50 هەزار مرۆڤ دەکەن.
گوندەکان بە تەواوی خاپوورکران، یاخیبووەکان لە ناوبران
رۆژی 16ی تەممووزی 1930 ڕۆژنامەی جمهوریەت، ڕۆژنامەی فەرمیی دەوڵەت لەبارەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە بڵاویکردەوە ئەو گوندانەی لە دەورووبەری چیای ئاگری پێشوازییان لە یاخیبووەکان دەکرد بە تەواوەتی خاپوورکران و سوتێنران و گوندییەکان گواسترانەوە بۆ ئەردیش. ژمارەی ئەو یاخیبووانەی لە ئۆپراسیۆنی زیلان دا لە ناوبران زیاتر لە 15 هەزار کەس بوون. تەنها لە بەردەم مەفرەزەیەکدا هەزار کەس کوژران. 5 یاخیبوو، کە لە دۆڵەکەدا گیریان خواردبوو خۆیان ڕادەستکرد. شەڕ لەوی بەشێوەیەکی گەورە و فراوان بەڕێوەچوو و دۆڵی زیلان لیپاولیپ پڕ کرابوو لە تەرم.
سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک عیسمەت ئینۆنو لە 31ی ئابی 1930 دا بە ڕۆژنامەی میللیەتی ئەو کاتی ڕاگەیاندبوو لە وڵاتدا تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە، کە داوای مافە ئیتنیکی و نەژادییەکانی خۆی بکات. هیچ کەسێکی تر ئەو مافەی نییە. ئەوانەی بە پڕوپاگەندەی بێ بنەما فریودراون و ڕێگایان لێ تێکچووە، تورکە ڕۆژهەڵاتییەکانن.
گۆڕە بە کۆمەڵەکان کران بە ژێر ئاوی بەنداوەکەوە
دەوڵەتی تورک دوای ئەوەی لە دۆڵی زیلان کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا، ناوچەکەی بە تەواوەتی لە مرۆڤ چۆڵکرد و دوای ئەوە دەستی بە تاڵانکردنی سروشتی ناوچەکە کرد. دۆڵی زیلان دارستانێکی چڕی هەبوو و هەزاران جۆر ئاژەڵ و باڵندەی تیادا دەژیا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە کرایە ئامانج و دارە کۆن و پیرەکان، کە تەمەنیان سەدان ساڵ دەبوو لەگەڵ هەموو دارەکانی تردا بڕانەوە. ژمارەیەکی زۆر لە گاکێوی، کەڵەکوێ و چەندین جۆر ئاژەڵی تر لە ناوچەیەدا لەلایەن دەوڵەتەوە کوژران و لە ناو بران.
دەوڵەتی تورک دەیان هەزار مرۆڤی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کرد بە ژێر گڵەوە، دواتر لە ساڵی 1978 دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لە دۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکی زۆی لە گۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بە ژێر ئاوەوە. دەوڵەتی تورک، کە لە زیلان دەستی بەسەر خاکی کورداندا گرتبوو لە ساڵی 1980دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کرد و سیاسەتی بە تورککردنی ناوچەکەی بەڕێوەبرد و لەو تورکە قڕقیزانەش جەردەوانی لە دژی کورد دروستکرد.
ئێش و توڕەیی بەردەوامە
کەسێک لە دۆڵی زیلان، کە بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە نایەوێت ناوەکەی بڵاوبکر ێتەوە ڕایگەیاند، دۆڵی زیلان سەرباری ئەوەی کە 90 ساڵە بەسەر کۆمەڵکوژییەکەیدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ژان و ئازارەکەی بەردەوامە و هەروها توڕەیی لە دژی دەوڵەت بەردەوامیی هەیە.
راشیگەیاند ساڵی 1930 لە کۆمەڵکوژیی زیلاندا، باپیری من و زۆرێکی تر لە خزمانم کوژران. وەک هەزاران کەسی تر، کە کوژراون، باپیرم و خزمەکانم گۆڕیان نییە. ئەوەی لە زیلان ڕوویداوە تەنها کوشتنی بە کۆمەڵ نەبوو، بەڵکو سڕینەوە بوو، چونکە کوردیان بە تەواوەتی لەو ناوچەیەدا سڕییەوە. تاوەکو ئێمە لەسەر ئەو خاکە بین، ئێمە ئازارەکەی لە بیر ناکەین. ئێمە بە دڵنیایەوە لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییە دەکەین.[1]