بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020ی زایینی، حوکمی سێدارەی لانی کەم 30 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە، لەو ماوەیەدا لە هەموو ئێران 123 کەس لەسێدارە دراون. بە بەراوەرد کردنی ئاماری ئەو دوو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە بەو ئاکامە دەگەین کە زیاتر لە 24٪ی هەموو ئەو کەسانەی کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە ئێران لەسێدارە دراون هاووڵاتیی کورد بوون.
لە کۆی ئەو 30 هاووڵاتییە کوردەی کە لەسێدارە دراون 2 کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، 2 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و 26 کەسیان بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست لەسێدارە دراون.
هەروەها، دوو کەسیان لە کاتی ئەنجامدانی تاوان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە و لە بەندیخانەکانی ئورمیە و #سەقز# لەسێدارە دراون.
هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی خەڵکی #شنۆ# لە پیش چاوی ژمارەیەک بنەماڵەی ئەندامانی سپای پاسداران گوللەباران کراوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کەس بەم شێوەیە ئێعدام نەکراوە و دەتوانێ دەستپێکێک بێت بۆ سەرلەنوێ گوللەباران کردنی چالاکانی سیاسی بەتایبەت لە ئێران.
زۆربەی ئەو کەسانەی لە لەسێدارە دراون خەڵکی پارێزگاکانی ئورمیە و #سنە# بوون کە هەرکامیان 9 حاڵەت بووە و لە پارێزگای #کرماشان# 7 حاڵەت و لە پارێزگای #لوڕستان#یش 5 حاڵەت تۆمار کراوە.[1]