هاونیشتمانانی بەڕێز!
خوازیاران و ئۆگرانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ!
ڕۆڵە بە ئەمەکەکانی #نەتەوەی کورد#!
ڕێبوارانی ڕێبازی #د. قاسملوو#ی نەمر!
ڕۆژی یەکشەممە 22-4-1399ی هەتاوی، سی و یەک ساڵ بەسەر تێرۆری دکتۆر قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی #حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران# بەدەستی ڕێژیمی تیرۆریست و تیرۆرپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێت، تیرۆرێک کە زامێکی قووڵ و بەژانی خستە سەر جەستەی بزووتنەوەی ئازادی و دیموکراسیخوازی بەگشتی و جەستەی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، زامێک کە پاش سی و یەک ساڵ هێشتا هەر بەژانە و ساڕێژبوونەوەی بۆ نییە. دکتۆر قاسملوو هەر لە زووەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەدەفی لەناوبردن و تیرۆریزمی ئەو ڕژێمە بوو، چوونکە ئەو ڕۆڵەیەکی کورد و ڕێبەرێکی لێهاتوو و دەگمەنی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد و سیاسییەکی ناسراو لە ئێران و ناوچە و جیهان بوو کە وەک دیموکراتێکی واقعیی باوەڕمەند بە دیموکراسی، دادپەروەری، مرۆڤ تەوەری و لایەنگری ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان ناوبانگی دەرکردبوو و لە هەمان کاتیشدا بەرگریکارێکی شێلگیری مافی نەتەوایەتیی کورد و ڕێبەرێکی بلیمەتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو؛ ئەو تایبەتمەندییانە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی مرۆڤ دۆستانەی دیکە بوون کە سیمای سیاسی و خەباتکارانەی دکتۆر قاسملوویان پێک دەهێنا، دکتۆر قاسملوو دژ بە هەر جۆرە دیکتاتۆرێک و چەوسانەوەی مرۆڤەکان بوو کە ئەوەش وێڕای سەرجەم تایبەتمەندییە بەرزەکانی دیکەی بەتەنیا لەگەڵ ناوەڕۆکی دژی ئینسانیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناتەباییدا بوون، بەڵکوو بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر درێژەی دەسەڵاتی زاڵمانەی ئەو ڕژێمە دادەنرا.
ئەوە تەنیا باوەڕەکانی دکتۆر قاسملوو نەبوون کە بە مەترسییەکی گەورە بۆ ڕژێم ئەژمار دەکرا، بەڵکوو قاسملوو ڕێبەرایەتیی بزووتنەویەکی بەهێزی کوردی بۆ دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی دەکرد کە هەم ورەبەخشی پێشمەرگە و دەنگی حەقبێژی نەتەوەی ماف پێشێلکراوی کورد بوو، هەم سیاسەتمەدار و خەباتگێڕێکی بەکردەوە، بە مانای تەواوی وشە بوو. بۆیە هەروەک ئاماژەی پێکرا، هەر لە زووەوە بۆ پیلانگێڕیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بە هەدەف، بەڵام ئەوکات کە لە باوەشی شاخ و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی دیموکراتدا بوو، هەرگیز ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دەزگا تیرۆریستییەکانی دەستیان وێڕا نەگەیشت، بەڵام تا ئەوکات کە بە خراپ کەڵک وەرگرتن لە هەستی ئاشتیخوازی و چارەسەری هێمنانەی مەسەلەی کورد بە ڕواڵەت بۆ وتووێژ لەسەر داخوازییەکانی کورد لە کوردستانی ئێران لە پشت مێزی بەناو وتووێژ و لە وڵاتێکی ئەورووپایی وەک ئۆتریش دەرفەتیان لێی هێنا و لە ڕێکەوتی 13ی ژووئییەی 1989ی زایینی شەهیدیان کرد.
بەداخەوە دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش لەپێناو هەندێک تێبینیی سیاسی و بەرژەوەندیی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێگای نەدا پەروەندەی ئەم تیرۆرە ڕەوتی ئاسایی و یاسایی خۆی بپێوێت و دەستووردەران و قاتڵانی دکتۆر قاسملوو بە بیروڕای گشتیی جیهانی بناسێنێت، ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە پۆلیسی ئەو وڵاتە چەند بەڵگەی ڕوون و حاشاهەڵنەگری لەدەستدا بوو کە دەیتوانی بە زوویی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک قاتڵی دکتۆر قاسملوو بناسێنێت و ماشینی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر نەبێت لە ئەورووپا بووەستێنێت، کارێک کە دەزگای دادوەریی ئاڵمان پاش تیرۆری دکتۆر سادق شەرەفکەندی جێگر و جێگرەوەی بەوەجی دکتۆر قاسملوو بوێرانە بە ئەنجامی گەیاند و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک دەستووردەر و ئەنجامدەری تیرۆری دکتۆر سادق شەرەفکەندی بە جیهانییانی ناساند، لە سی و یەک ساڵەی تیرۆری دکتۆر قاسملوودا جارێکی دیکە داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆست و دامودەزگا شویندانەرەکانی جیهان دەکەین دەوڵەتی ئۆتریش بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بدات پەروەندەی تیرۆری دکتۆر قاسملوو بکرێتەوە و بەم کارە هەم قەرەبووی ڕابردووی بکاتەوە و هەم هەڵوێستی نەشیاوی دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش و ناسەربەخۆیی دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە لەژێر پرسیار دەرباز بکات.
کۆمەڵانی ئازادیخواز، ڕێبوارانی شێلگێری دیموکرات!
هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا کەلێنی نەبوونی دکتۆر قاسملوو لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە زیندوو بوون و پڕ ڕێبواربوونی ڕێبازی دکتۆر قاسملوو دەتوانین دڵنیا بین کە قاسملوو لە بیر و باوەڕدا هەر زیندووە و بیر و بۆچوون و سیاسەت و وردبینییەکانی هەروا چرای ڕووناکیدەری ڕێگای خەباتمان تا سەرکەوتنمانە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر توانی جەستەی قاسملوو لە باوەشی کورد و ئازادیخوازان دەربێنێت هەگیز نەیتوانیوە و ناتوانێت ڕێباز و بیر و هزر و ڕێنوێنییەکانی قاسملوو لە کورد و حیزبەکەی دوور بکاتەوە، لە سی و یەک ساڵەی تیرۆری دکتۆر قاسملوودا ئەوجارە و هەموو جارێکی دیکەش لەگەڵ بیر و ڕێبازی دکتۆر قاسملوو پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا سەر تا سەرکەوتن، ڕێبواری شێلگێری ئەم ڕێگایە دەبین و ڕۆحی قاسملووی ڕێبەر شاد و لە خۆمان ڕازی دەکەین.
سڵاو لە گیانی پاک و ڕێبازی دموکراسی و مرۆڤ دۆستانە و کوردپەروەرانەی دکتۆر قاسملوو؛
پڕ ڕێبوارتر بێت ڕێبازی دکتۆر قاسملوو لەپێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنەمان و هەموو شەهیدانی کوردستان؛
سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
1399-04-21ی هەتاوی