ماوەی چەند ڕۆژێکە و لەگەڵ زیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید 19) لە سنورەکە، هەڵمەتێکی ڕێکخراو و بەمەبەست لەسەر ئیدارەی #گەرمیان# دەستی پێکردووە کە گوایە ئیدارەی گەرمیان لەئاست بارودۆخەکە کەمتەرخەمە و نەیتوانیوە ئیدارەی دۆخەکە بدات، بۆیە بە پێویستمانزانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.
1.لایەنی بەرپرسی فەرمی بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کۆرۆنا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانە و ئیدارەی گەرمیان و بەڕێز سەرپەرشتیارەکەی ئەوپەڕی پشتیوانی بەڕێوبەرەکەی کردووە و سەرجەم بەڕێوبەرایەتەکانی سنورەکەی ڕاسپاردووە هاوکاری تەواو و هەماهەنگ بن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان.
2.لە ڕۆژی (23-06-2020) بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە کەموکورتیەکانی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە کۆرۆنا و کار نەکردن بە ئامێرەکانی، بە ژمارە (1418) نوسراومان ئاراستەی فەرمانگەی داواکاری گشتی لە گەرمیان کردووە، داوامان کردووە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بدرێتە دادگای تایبەتمەند.
3.جگە له و بڕە پارانەی کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان تەرخانکراوە، حکومەتی هەرێم کۆی ئه و بودجەیەی تەرخانیکردووە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بۆ ئیدارەی گەرمیان، بڕەکەی 350 ملیۆن دینار بووە. لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیەوە تەواوی ئه و بڕە پارەیە خراوەتە خزمەتی پێداویستی تەندروستی و بڕی 30 ملیۆن دینار له و پارەیە بۆ نەخۆشخانەی قەڵا تایبەت کراوە، خەرجکردنی 250 ملیۆن دینار لە گەنجینەی گەرمیان تەصفیە کراوە و ڕاپۆرتیش دراوەتە ئەنجومەنی پارێزگای #سلێمانی# بە ژمارە (1422) لە ڕۆژی (25-06-2020). هەروەها له و 100 ملیۆن دینارەی دیکەشی زۆرینەی زۆری خەرج کراوە بۆ ڕوبەڕونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر ڕۆژنامەوانێک بیەوێ بۆ ئەو مەبەستە بەدواداچون بکات وردەکاری دەخەینە بەردەست.
4. ئیدارەی گەرمیان ئاگادارە لە تەواوی کەموکورتییەکانی بواری تەدروستی لە گەرمیان، بەڵام لێرەوە ڕونیدەکەینەوە لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە سێ ساڵی ڕابردوودا، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەسەڵاتیان پێنەدراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەموکورتی فەرمانگەکانی وەزارەتەکانی تر و نەبەستراو بە وەزارەتی ناوخۆ.
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی گەرمیان