لوقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ناوەندی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە شاری قامشلۆ بەڕێوە چوو، تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوریا و جەختیشی کردەوە کە ئەوان پابەندی بڕیارەکانی هەڵبژاردن نابن.
ئەحمێ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاد، گەلی سوریا بۆ ئاڵۆزیەکانی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە، بە دوای چارەسەریەکی ئاشتیانەدا دەگەڕێت، بەڵام حکومەتی سوریا سوورە لەسەر ڕێچکەی خۆی، وەکو ئەوە دەجوڵێتەوە کە گوایا لە 2011وە تا ئێستا هیچ شتێک ڕووینەدابێت.
ئەحمێ تیشکی خستە سەر ئەوەی سووربوونی حکومەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمان، هیچ کێشەیەکی سوریا چارەسەر ناکات و وتی:حکومەتی سوریا بۆ چارەسەری کێشەکان دەرفەت نادات بە هیچ لایەنێک کە دیالۆگی لەگەڵدا بکەن.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوریا کە بڕیارە 19ی تەموز (سبەینێ) بەڕێوە بچێت، بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هیچ واتایەکی نیە و وتیشی: لە سنووری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هیچ سندوقێکی دەنگدان دانانرێت.
ئەحمێ هەروەها ڕایگەیاند، ئەوان چاوەرێی ئەوەیان لە حکومەتی سوریا دەکرد کە بانگەوازیەک ئاڕاستەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و لایەنەکانی تری سوریا بکات کە لە سەر یەک مێز کۆببنەوە و بە ڕێگای دیالۆگ چارەسەریەک بۆ ئاڵۆزیەکان بدۆزرێتەوە و پێوانە دەستوریەکان دیاری بکرێن و دواتر دەست بە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری بکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ئەوان بەشداری لە هیچ بڕیارێکی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئەو وڵاتە ناکەن.[1]