ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی #سیدەکان# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ئەمرۆ چوارشەممە بۆ جارێکی دیکە فڕۆکەی تورکیا کەوتەوە بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی سیدەکان و لە کاژێر 04:30 خولەک بۆ چوار جاری لەسەریەک بۆردوومانی چیای بۆڵێی لە سنووری گوندی بۆڵێ کردووە.
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان ڕوونیشیکردەوە، بۆردوومانەکە زیانی گیانیی لە ڕیزی هاونیشتمانیان نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە پاوان و دارستانی ناوچەکە گەیاندووە و ڕووبەری نزیکەی 10 دۆنم ئاگری لێ کەوتووەتەوە، گوتیشی بەهۆی سەختی و مەترسیی ناوچەکە، ناتوانرێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی بگەنە ناوچەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەهۆی شەڕی تورکیا و #پەکەکە# لە سنووری نێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە ژینگە و پاوان سووتاون و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێویش مرداربوونەوە، غەفوور ماڵەسواری، قایمقامی مێرگەسوور بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تۆپبارانی تورکیا بۆ ناوچەکانی سەر سنووری تورکیا و باشووری کوردستان و بەتایبەت لەنزیک شارەدێی شێروان مەزن شەڕ و پێکدادان لەنێوان تورکیا و پەکەکە دروستبوو.
قایمقامی مێرگەسوور گوتیشی بەهۆی شەڕەکەوە چەند تۆپێک بەر ناوچەیەکی قەدەخەکراو لەنزیک گوندی [لێڕێ] کەوتن، زیانی بە ڕووبەرێکی فراوان لە ژینگە و پاوانی شوێنەکە گەیاند و سووتا، هەروەها بەهۆی زۆریی دووکەڵی ئاگرەکەوە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێوی مرداربوونەوە، چەند پرۆژەیەکی مێش هەنگیش سووتان و لەنێوچوون.
دوێنێ سێشەممە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومانی گوندی مێرگەڕەشی لەو سنوورە کرا و بەهۆیەوە ئاگر لە سەنتەری گوندەکە کەوتەوە و زیانی ماڵی بەر خانوو و ڕەز و باخی هاونیشتمانیان کەوت.[1]