بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەی زیاتر لە چوار مانگە گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی وەستاون، بەم هۆیەوە بە سەتان کۆمپانیا و نووسینگەی فڕۆکەوانی و گەشتیاری بێکاربوون، ڕۆژانەش زیاتر لە 645 هەزار دۆلار زیان بەر ئابووریی هەرێمی کوردستان کەوتووە.
بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە 17ی ئاداری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگیران، لە ماوەی ڕابردوودا تەنیا ڕێگە بە گەشتی فڕۆکەکانی کارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەکانی هاتنەوەی گەشتیاران لە دەرەوەی وڵات دراوە، بەم هۆیەشەوە جووڵەی گەشتیاری لە چوار مانگی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 98.7% کەمیکردووە.
زۆرترین گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەکرێن کە دەگاتە 75٪ی گەشتەکان.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ساڵی ڕابردوو لەڕێگەی 19 هەزار و 560 گەشتەوە، یەک ملیۆن و 909 هەزار و 768 گەشتیار [934 هەزار و 17 هاتوو، 975 هەزار 768 ڕۆیشتوو] لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتیان کردووە، کە ڕۆژانە بە تێکرا 54 گەشت هەبووە و پێنج هەزار و 232 کەسیش گەشتیان کردووە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 33.2% کەمیکردووە، لە سێ مانگی دووەمیشدا بەهۆی وەستانی گەشتەکان، ژمارەی گەشتیاران لە 455 هەزار و 824 گەشتیارەوە بۆ شەش هەزار و 34 گەشتیار کەمیکردووە، واتە هاتووچۆی گەشتیاری لە ماوەی ئاماژەپێکراودا بە ڕێژەی 98.7% کەمیکردووە، بەم هۆیەشەوە زیانێکی گەورە بە کەرتی فڕۆکەوانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کەوتووە.
ئەندرۆ جۆنز، ڕاوێژکار لە بەشی گەشەپێدانی بازرگانی و بەبازاڕکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت وەستانی گەشتی گەشتیاران لە چوار مانگی ڕابردوودا زیانێکی زۆری بە ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بۆ نموونە بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژانی ئاسایی کۆی داهاتی چالاکی و ئابووری و بازرگانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە لە کڕینی قاوەیەک دەستپێدەکات تاوەژو دەگاتە داهاتی نیشتنەوەی فڕۆکە، کارگۆ، باجی گەشتیاران و قازانجی فرۆشتنی بەنزین، کرێی تەکسی، قازانجی کۆمپانیا گەشتیارییەکان، مانەوەی گەشتیار لە هۆتێل، ڕۆژانە زیاتر لە 500 هەزار دۆلار بوو، ئێستا بەهۆی وەستانی گەشتەکان سەرجەم ئەم جموجۆڵە بازرگانییانە وەستاون، تەنیا کارگۆ نەبێ کە ئەویش زۆر کەمبووە، بۆیە ڕۆژانە نیو ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
ئەندرۆ جۆنز دەشڵێت پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داهاتی مانگانەی فڕۆکەخانەی هەولێر نزیکەی 2.5 تاوەکو 3 ملیۆن دۆلار بووە، گەیشتبووە ئاستی خۆبژێوی و دەیتوانی کاری ڕۆژانەی خۆی بکات، بەڵام بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و فراوانکردن پێویستی بە هاوکاریی حکومەت هەبوو، ئێستا بەهۆی وەستانی گەشتەکان ئەم داهاتە نەماوە، یان باشترە بڵێین زۆر کەمبووەتەوە، بۆیە سەرجەم خەرجییە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە و مووچەی کارمەندانی شارستانی و ئاسایشی فڕۆکەخانە کەوتووەتە ئەستۆی حکومەت.
ئەگەر کۆی ژمارەی گەشتیارانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە فڕۆکەخانەی هەولێر وەربگرین کە 302 هەزار و823 گەشتیار بووە، بە ژمارەی گەشتیاران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەراوردی بکەین کە 899 هەزار و 360 گەشتیار بووە، دەردەکەوێت کە ژمارەی گەشتیاران بە ڕێژەی 66.4% کەمیکردووە.
تێکڕای ژمارەی ڕۆژانەی گەشتیاران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 941 گەشتیار بووە، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تێکرای ژمارەی ڕۆژانەی گەشتیاران هەزار و 661 گەشتیار بووە.
ئەندرۆ جۆنز دەڵێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پەیڕەوی ستانداردی جیهانی دەکات و پابەندی ڕێنمایی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتییە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە ئەگەر گەشتەکانیش دەستپێبکەنەوە، بەهۆی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لەوانەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش نەتوانین بگەینەوە ژمارەی ساڵی ڕابردوو کە ڕۆژانە پێنج هەزار و 232 گەشتیارمان هەبووە.[1]