بەشی بەدواداچون و چاودێری - مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی
سەرتاسەری کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتیییە و #هەولێر#ی پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە.
ئەمە نەفەس و ئاڕاستەی یەکێتییە لە کۆنگرەی نوێبونەوە کە گێڕانەوەی یەکێتییشە بۆ سەرەتا کوردستانییەکەی کە مامی گەورەمان دایڕشت و بنەمای پێشبرکێی دیموکراتی و ململانێی مەدەنیانەیە لە هەمو وڵاتێکی دەربەست بۆ دوا ڕۆژی گەل و نەوەکانی داهاتوش.
چالاکی و دیدارەکانی هاوسەرۆکی یەکێیتی هەڤاڵ #لاهور شێخ جەنگی# لە هەولێری پایتەختی کوردستان لەگەڵ ڕێکخستنەکان و ڕێکخراوەکانی یەکێتی و جەماوەرەکەی و کەسوکاری شەهیدان و دیبلۆماتکارانی وڵاتان جۆشدانەوەی خەباتێکی ڕەوا و حزبایەتییەکی یەکێتیانەیە. وێستگەیەکی جەماوەری دوای کۆنگرەی چوار و دوای ماوەیەک لە کەرەنتینەی ناچارییە بەهۆی لێکەوتەکانی بەڵای ڤایرۆسی کۆرۆناوە. بۆیە یەکێتییەکانی دڵخۆش کردوەو تینوتاوێکی کوردستانی پێداون. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە سەغڵەتبونی بەرپرسی لقی دوی بارتی و بەرپرسانی لقەکەی تریانە لە پەروەردەی هەولێرو میدیای سێبەرو بەر هەتاویان، ئەو کاتەی بە بیانوی بێ بنەما بەرپەرچی چالاکییەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی دەدەنەوە. هەرچەندە هەقە ئەم سەغلەتبونەمان پێ موفاجەئە نەبێت چونکە ئەم ڕەوتە لە سیاسەتی مۆنۆپۆڵی و قۆرخکاری هەر وای هێناوەو مەرجیش نییە لەمەدوا بتوانێت تاسەر وا نەقش بێنێتەوە.
جوڵەی سیاسیی یەکێتی لە هەولێرو گوتاری هاوسەرۆک لە میتینگ و لێدوانەکانی لەگەڵ خیتابی کوردستانی یەکێتی و لەگەڵ دیموکراسی و لەگەڵ ئازادی کاری سیاسیی وەک ئەوەی پرۆسەی سیاسیی وڵات دەیخوازێت، یەک دەگرێتەوە. لەگەڵ بنەماکانی دەستوری عێراق کە تا ئێستا چەتری پرۆسەی سیاسیی کوردستان و عێراقیشە یەک دەگرێتەوەو ناکۆک نییە، لەگەڵ ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی کە بنەمای گێڕانەوەی هاوسەنگی و شەراکەتی ڕاستەقینەیە یەک دەگرێتەوە. مەگەر ئەوەیە نەیارەکانی دیموکراسی و فرەیی نیازێکی تریان هەبێت و ئەو بنەما دەستوری و دیموکراتیانە، ئەو ویستە کوردستانییە سەرتاسەرییەی دژی دو ئیدارەیی و دژی زۆنسازی و دوبەرەکییە تەنها وەک دروشمی بریقەدار بنوێنن و بەرزی بکەنەوە. بۆیە کە لای یەکێتیی جیددییەو ڕاستگۆیە لە پەیڕەوکردنی، وا دەبینین لە لقەکان شڵەژان هەیەو بەرپەرچدانەوەی ناڕەوا دەنوێنرێت. زمانی زبرو ئاستی نزم و بێ مۆڕالی ئەدەبیاتی لقی دو و میدیای سێبەریان دەرەقەتی خیتابی ڕون و ڕەوانی یەکێتی نایەت چونکە خیتابێکی ڕاست و ڕەواو دیموکراسییە.
وتەکانی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی لە کۆبونەوەی پێشوازی لە مەڵبەند، لە کۆبونەوەی لەگەڵ پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرین و لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، لە بۆنەی بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی نمونەیی، لە دیداری دیبلۆماتکاران لە کۆشکی سپی، خەڵاتی گەورەی مام بۆ یەکێتی لەهەولێر، دەربڕی سیاسەتی ڕاستەقینەی یەکێتی دوای کۆنگرەی چوارەو یەکێتییەکان وەک نەخشەڕێی نوێبونەوە ڕەچاوی دەکەن و کاری حزبی و سیاسیی لەسەر دەکەن.
بۆچی پارتی و لقەکانی و ئەوانەی لە پشت سیاسەت و نیازە گرژەکانەوەن بە خەباتی دیموکراتی و سیاسی لە هەولێرو #زاخۆ# و #دهۆک# قەڵس دەبن؟
کوردستان موڵکی هەمو خەڵکی کوردستانەو ئەگەر بە هەقی مێژویی و شەرعیەتی شۆڕشگێرییش بێت خەڵکی کوردستان لەیادیانە یەکێتی لە ڕاپەڕین هەولێری پایتەختی ڕزگارکردو شەریکی یەکەمی ئازادکردنی تەواوی کوردستانەو زۆرترین خوێن و فرمێسکی بۆ ئەم ئازدییە داوە. مەعلومیشە لە هەڵبژاردنێکی دیموکرات و مەدەنیانەدا هەولێری نەدۆڕاندوە.
بەپێچەوانەوە لە دوای ئاشتی کوردستانیش لەیەکەم هەڵبژاردنی پارێزگاکان کە لەگەڵ هی کوردستان و عێراق ساز کرا ناو شاری هەولێری بردەوە. دیاریشە دیزاینی هەڵبژاردنی تر چۆن بوە؟
ئێستاش یەکێتی بە هەمان نەفەسی مەدەنی و ململانێی دیموکراتی سیاسەتی خۆی تاودەداتەوە کە سیاسەتی لە قاودانی قۆرخکاری سیاسیی، لە قاودانی دو ئیدارەییە.
سیاسەتی یەکێتی پاراستنی قەوارەی هەرێمە، هەمو هەرێم بە #کفری# و زاخۆشەوە. سیاسەتی کوردستانێکی دیموکرات و لامەرکەزییە کە بە ناوی کوردستان و نەتەوەوە ناهێڵێ ناوەندێتی و قۆرخکاری بسەپێرێ و باج و سەرانە بەسەر هاتوچۆی پارێزگاکان و خەڵکی #کەرکووک# و ناوچە دابڕاوەکان دابنرێت. بەڵکو دەیەوێ چەقی سیاسەتی لە پایتەختەوە بۆ بادینان و دهۆک و تەواوی کوردستان پەرەپێبدا بۆ ئەوەی شەوقی بەر کەرکووک و لەوێشەوە بەر تەواوی عێراق بکەوێت، چونکە هەر عێراقی دەستوری و فیدرالی دەتوانێ یارمەتی کوردستان بدات کە بێ دەبابەی سوپای تورک موڵکی هەمو کوردستانییان بێت.
ئەم سیاسەتە ڕاوەستانی بۆ نییە چونکە سیاسەتێکی ڕاستەقینەو دیموکرات و مەدەنیانەیەو خۆی لەسەر گرژی و زمانی زبری ئاست نزم پەک ناخات.
#24-07-2020#