وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستیی تاکی هەرێمی کودستان بۆ خواردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە 82 لیتر شیر دیاریکردووە. بەو پێوەرە بێت ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان 494 هەزار و 740 تۆن شیر بەکاربراوە، کۆتایی ئەمساڵیش ئەم پێویستییە بۆ 506 هەزار و 28 تۆن زیاد دەکات.
حاجی سابیر بە ڕاگرتنی دوو مانگا دەستی پێکرد، ئێستا خاوەنی 50 مانگای نایابی شیرە. ڕۆژانە سێ تۆن شیری تازە دەکاتە ماست، پەنیر، قەیماخ، دۆ و کەرە. ئەو ئاژەڵدارە دەڵێت، ئەگەر حکومەت هاوکاریان بێت، پێویستیان بە هاوردەی شیر و بەرهەمەکان نابێت.
حاجی سابیر ڕەحمان، خاوەنی پڕۆژەیەکی مانگای شیر و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیرە لە گوندی کێڵەسپیی پارێزگای #سلێمانی#. ڕۆژانە جگە لە شیری مانگاکانی پرۆژەکەی، شیری هەندێک پرۆژەی دیکەش لە سلێمانی و #هەڵەبجە# لە بازاڕدا ساخدەکاتەوە.
حاجی سابیر ڕەحمان دەڵێت، 25 ساڵ لەمەوبەر بە پەرەمێزێک و مەنجەڵێک و دوو مانگای شیر دەستم پێکرد، ئێستا خاوەنی کارگەیەکی بەرهەمی شیرەمەنی و 50 مانگای نایابی شیرم لە جۆرەکانی فرۆیزیان و هۆلشتاین و سمیتال. هەندێک لە مانگاکانم ڕۆژانە نزیکەی 40 کیلۆ شیر دەدەن. جگە لە شیری مانگاکانی خۆم، شیری مانگاکانی حەوت پرۆژەی دیکەش دەکڕمەوە، ڕۆژانە نزیکەی سێ تۆن شیری فرێش لە کارگەکەم دەکەم بە ماست، پەنیر، دۆ، کەرە، قەیماخ، شیر، شیرێژ لە بازاڕی سلێمانی ساخی دەکەمەوە.
ئەو جووتیارە دەڵێت، بەرهەمەکانی لە ڕووی کواڵێتییەوە زۆر لەو بەرهەمە هاوردانە باشترن کە لە بازاڕەکاندان. ئەو پێیوایە وڵاتانی دەوروبەر، بە تایبەت ئێران و تورکیا، بە بەرنامە کار بۆ لاوازکردنی بەرهەمی شیرەمەنیی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئێران ڕێژەی 20% و تورکیا بە ڕێژەی 18%ی تێچووی بەرهەم دەدەنە ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرهەمەکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە، بەم هۆیەوە ژمارەی پرۆژەکانی بەخێوکردنی مەڕ و بزن بۆ شیر لە کێڵگەدا بە ڕێژەی 21% و پرۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیر بە ڕێژەی 35% زیادیکردووە. ژمارەی ئەو مەڕ و بزنانەی بۆ شیر لە کێڵگەکان بەخێودەکرێن لە 16 هەزار و 750 بزنەوە بۆ 18 هەزار و 335 بزن زیادی کردووە. ژمارەی مانگای نایابی شیریش لە پرۆژەکاندا لە چوار هەزار و 520 سەرەوە بۆ هەشت هەزار و 719 سەر مانگا زیادبووە.
بەپێی داتاکان بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵان لە پرۆژە و گوندەکان، بەرهەمی شیر ساڵانەی لە 226 هەزار تۆنەوە بۆ 282 هەزار تۆن زیادبووە، بەڵام ئەم زیادبوونە لەگەڵ پێویستیی ناوخۆدا یەکناگرێتەوە، بۆیە ساڵانە شیرێکی زۆر لە ئێران، تورکیا، سعودیە، ئیمارات و یۆنان و هەندێک وڵاتی دیکەوە هاوردە دەکرێت.
بەپێی ستانداردی جیهانی ساڵانە هەر تاکێک بۆ خواردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان پێویستی بە 176 لیتر شیرە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستیی تاکی هەرێمی کودستان بۆ خواردنی بەرهەم شیرەمەنییەکان بە 82 لیتر شیر دیاریکردووە. بەو پێوەرە بێت ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان 494 هەزار و 740 تۆن شیر بەکاربراوە، کۆتایی ئەمساڵیش ئەم پێویستییە بۆ 506 هەزار و 28 تۆن زیاد دەکات.[1]