#نێچیرڤان بارزانی# پیرۆزبایی لە #بزووتنەوەی گۆڕان# دەکات
بەڕێز عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی
بەڕێزان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانيی بزووتنەوەی گۆڕان
لە يادی یازدە ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەکەتان دەکەم، هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنتان بۆ دەخوازم.
بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە دامەزراندنیيەوە لەسەر دەستی خوالێخۆشبوو #نەوشیروان مستەفا# کە لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی دەنێرین و یادی دەکەينەوە، ڕۆڵێکی دیاری لە کایەی سیاسیدا گێڕاوە، ئێستاش لایەنێکی کاریگەر و سەرەکیی پێکهاتەی حکوومەت و پرۆسەی سیاسیی کوردستانە، هەڵوێستەکانیشی بەرپرسیار و خەمخۆرانەن.
هیوادارم ئەم یادە گوڕوتینی زیاتر بداتە تێکۆشانی سیاسيی بزووتنەوەکەتان لەپێناو ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەماندا، ئەم بۆنانە ببنە دەرفەتی قووڵکردنەوەی گیانی هاوکاری و پتەوکردنی هاوخەباتی و دەستگرتنی کۆی لایەنە تێکۆشەرەکانی کوردستان بە نەگۆڕ و ئامانجە نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانەوە.
دۆخی نالەبار و کێشە و قەیرانەکان کە بەرۆکی کوردستانیان گرتووە، یەکڕیزی و تەبایی و پیکەوەیی لە هەموو لایەک دەخوازێت تا بتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، گەلەکەمان لە قەیران و کێشەکان دەرباز بکەین، پارێزگاری لە قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان بکەین و هەنگاوی زیاتر بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بنێين.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#25-07-2020#