لقی #کەرکووک#ی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق و هەریمی کوردستان کرد، بەیاننامەکە لەلایەن مامۆستا هونەر عەبدوڵا خوێندرایەوە کە تیدا هاتووە:
ئەمرۆ 28ی تەموز یادی ڕۆژێکی شکۆداری خەبات و قوربانیدانی مامۆستایانی کەرکووک دەکەینەوە ڕۆژێک تێدا مامۆستایان شان بەشانی چین و توێژەکانی ئەم شارە بەخوێنی چەندین شەهید کە نۆیان مامۆستا بوون و هەروەها بریندابوونی دەیان مامۆستا، بەرگریان لە کوردستانیبوونی ئەم شارە کرد، ئەو مامۆستا شەهیدانە بوون بە شورایەک بەڕووی ئەو کەس ولایەنانەی هەوڵی سرینەوەی ناسنامەی ئەم شارەیان دەدا و کاریان دەکرد لە پێناو دابڕینی ئەم شارە لە خاکی کوردستان و داژایەتی مافی ڕەوای گەلەکەمانیان دەکرد لەسەر خاکی خۆی.
ئەمرۆ لە بارودۆخێکی سەختدا ئەم یادە دەکەینەوە کە تێکرای مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەی پەتایەکی مەترسیدارە، بەڵام ئەوەی ئەم بارودۆخەی بۆ مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەشاری کەرکووک سەخت تر دەکات دواکەوتن و کەمکردنەوەی مووچەیە کە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی، دیارە باردۆخی شارەکە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەرووی سیاسی و ئیدارییەوە ئەوەندەی تر ئەرکی مامۆستایانی قورستر کردووە بۆیە لێرەوە و لەیادی ئەو ڕۆژە پر شکۆیەدا پەیمان دووپات دەکەینەوە کە بەهەمان ڕوحییەتی بەرخۆدان و گیان فیدایی ڕۆژی 28ی تەموز ڕووبەروی هەموو هەوڵیک دەبینەوە لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت کە دژایەتی مافە ڕەواکانی کوردە لەم شارە.
هەروەها جەخت لە جێبەجی کردنی داواکاریی مامۆستایان دەکەینەوە بۆ چارەسەر کردنی گرفتی مووچە بەگواستنەوە بۆسەر حکومەتی ناوەند یان هەر ڕێگایەک مووچەی مانگانەی مامۆستایان مسۆگەر بکات، لە کۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان بەتایبەتی شەهیدانی مامۆستایانی 28ی تەموز.[1]