لە ڕاگەیێنراوەکەی یەژا-ستار دا هاتووە:
دەوڵەتی فاشیستی تورک لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕووی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و بە تایبەت لە ڕووی ئابوریەوە تەنگەتاو بووە. ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی ئەو تەنگەتاویەوە، دەوڵەت لە ناو کۆمەڵگادا ناکۆکی و ئاڵۆزی دروست دەکات و بە تایبەتیش یاری بە ئەخلاق و شکۆ و پیرۆزمەندیەکانی ژیان دەکات.
حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بە هەموو ڕێبازەکانی داگیرکاری، ئەشکەنجە و بڕیارێک، دەیەوێت کۆمەڵاگا و هۆشمەندی کۆمەڵاگا بگۆڕێت و بەم شێوەیە لاوازیی خۆی بشارێتەوە و تەمەنی دەسەڵاتداریی خۆی درێژ بکاتەوە. بە هەڵوێستی شۆڤێنی و نەژادپەرەستانەی خۆی، دەیەوێت کۆمەڵگا بێنێتە بەرامبەر یەک. ئەو ئۆپڕاسیۆنانەی لە لیبیا، ئیدلب، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستانی ئەنجامی دەدات، بۆ سەپاندنی ئەم سیاسەتەیە. دوایین ئۆپڕاسیۆنیش کە لە حەفتانین دەستی پێکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی سەپاندنی ئەو سیاسەتەیە.
لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، کۆردستان و جیهان جارێکیتر بوونەتە شاهیدی خۆڕاگریەکی تری بێوێنە. گەریلاکانی سەردەم، کە بە ستراتیجیەکانی سەردەمی نوێ خۆیان بونیاد دەنێن و بە ڕێنوێنیەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە دەڵێت گەورەترین تاکتیک خودی مرۆڤە، لە حەفتانین لە خۆڕاگریدان. گەریلا بۆ پاراستنی هەر بستێکی خاکی حەفتاین چەندین ڕۆژ شەڕی کرد و لە بەرامبەر ئەو هێرشانەش، دەرسێکی گەورەی دایە دوژمنی داگیرکەر. بێگومان ئەم شەڕەی لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی تورک و هێڵی خیانەت بەڕێوە دەچێت، مۆری خۆی لە مێژوو دەدات.
ئەم هێرشانەی لە حەفتانین بەڕێوە دەچن، تەنها بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادی نیە، بەڵکو هاوکات بۆ تاڵانکردنی سروشت و بە تایبەتیش شەڕێکە لە دژی ژنان. ئۆپڕاسیۆنە سەربازی و سیاسی و قڕکردن و دەستدرێژیەکانی سەر ژنان و منداڵانیش، ئەنجامی هەمان سیاسەتەن. ژنان و منداڵان و شەهیدانی وڵاتێک، هەم بناغەی کۆمەڵگان، هەم پیرۆزمەندیە مەعنەویەکانی کۆمەڵاگاشن. دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان و هەڵوەشاندنی گۆڕی شەهیدان، مەبەست لێی لاوازکردنی ئیرادەی کۆمەڵاگای کوردستان و تورکیایە.
لە ڕاستیدا لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا و کوردستان هەموو دەستدرێژیەکان، بە پشتیوانی حکومەتی ئاکەپە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە زیادبووندایە. دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەوەی هەموو دەرفەتەکانی بەکاردێنێت و ساڵانە لە ژێر ناو و پلانی جیاوازەوە، ئۆپڕاسیۆنی سیاسی و سەربازی ئەنجام دەدات، دیسان ناتوانێت بزوتنەوەی ئازادی لەناو بەرێت. لە تووڕەیی ئەمەش هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگا.
دەوڵەتی نەژاتپەرەست و ڕەگەزپەرەستی تورک، لەگەڵ ئۆپڕاسیۆنی داگیرکردنی حەفتانین، هاوکات لە کوردستان بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی کۆمەلگا دەستی بە کردەوەی ڕاقەکردن و دەستدرێژی کردووە. ئەو ڕووداوەی لە شرنەخ ڕوویدا ئەم ڕاستیە دەخاتە ڕوو. ئەو ڕووداوە بە تایبەت بە دەستی دەوڵەت پلانی بۆ داڕێژرا. تەنانەت لەو شوێنەی ڕووداوەکەی تێیدا ڕوویدا و ئەو سەربازەی لە ڕووداوەکەدا ناوی هاتبوو، شتێکی بەڕێکەوت نەبوو. هەرێمی بۆتان لەگەڵ ئەو هەموو فشار و قڕکردنانەی لە مێژوودا بە سەری هاتوون، تا ئێستا بە ئیرادە و خۆڕاگریەکەی لە بەرامبەر ئەو فشار و زوڵمەی دەوڵەتی تورک وەستاوەتەوە و هاوکات ئەو شوێنەشە کە کلتور و ئاسەواری کوردایەتی تێیدا پارێزراوە.
هەروەها ئەو سەربازانەی بەشداری پێکردوون بۆ ئۆپڕاسیۆنی داگیرکردنی #عەفرین#یش، بە تایبەت هەڵیبژاردوو. بە تایبەت گەلی خۆڕاگری بۆتان و هەموو گەلی کوردستان، دەبێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانە هۆشیار بن. بە ڕۆحی جەنگی حەفتانین سڵاو بۆ ئەو کچ و کوڕە لاوانەش دەنێرین کە ئەم هێرشە قڕکەرانە قبوڵ ناکەن و لە بەرامبەر ئەم هێرشانە هەڵسانە سەرپێ.
بێگومان ئەو خۆڕاگریەی لە حەفتانین بەڕێوە دەچێت، دەبێتە وڵام بۆ هێرشە قێزەوەندەکان و هۆشمەندی پیاوسالاری. ئێمە وکو گەریلاکانی یەژا-ستار لە حەفتانین تۆڵەی هەموو ژنان دەکەینەوە.
ئەو ژنە گەریلایانەی بە چالاکی و هەل هەلە لێدان، دەنگی ئەو جەنگە دەزرینگێننەوە، ئەنجامی ئەو تووڕەیی و ڕۆحی تۆڵەسەندنەوەی ژنانە. بوونەتە دەنگی ئەو ژنانەی کە ناتوانن بچەنە سەر شەقامەکان، ئەوانەی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر، ئەوانەی لە ماڵەوە ڕووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە و ئەوانەی لەسەر کارەکانیان مافیان دەخورێت. گەریلا بە جۆش و پرچ درێژەکان، بە چاونەترسی و فیداکاریەکی گەورەوە، سەنگەر و حەشارگەکانی دوژمن هەڵدەوەشێننەوە. تەقاندنی هەر گوللەیەک تۆڵەی ژنێکە و هەڵوەشاندنی هەر سەنگەرێک، هەڵوەشاندنی زیهنیەتی پیاوسالاریە. ئەم جەنگە، جەنگی هەموو ژنێکە.
لە حەفتانین بە پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ بۆ دیمۆکراسی و ژینگەپارێزی و ئازادیخوازیی ژنان و بە ڕۆحی خۆڕاگری فەرماندەکانی وەکو ئەسمەر، نوجان، ئارارات، بێریڤان، زەریان، ئامارا، زەینەب و ئیرادەی هەموو ژنانی کوردستان و تورکیا، خاکی کوردستان دەپارێزرێت. ئێمە وەکو بزوتنەوەی ئازادی ژنان، بانگەوازی ئاڕاستەی کۆمەڵگای کوردستان و تورکیا، بە تایبەتیش ژنان و گەنجانی ئازادیخواز دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم هێرشە قێزەوەن و نائەخلاقیانە، بوەستنەوە. ئێمە گەلین، ژنین و خاوەن مافین. ئەگەر ببین بە یەک هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەرامبەرمان بوەستنەوە.[1]