مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، پۆستێکی نەشیاوی، بە هەڵچونێکی دەروونی نا سروشتی و، دوور لە بنەمای ڕەوشتی نووسین لە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیوە، کە پێدەچێ دەمێک بێت ڕاهێنانی بۆ کردبێ، تا بەو فکر و ئاراستە پۆپۆلیستیە زمانی بگەڕێت!
ئێمە لە وەڵامدا دەڵێین:
لە ململانێی سیاسی و کەشی ئازادی هەرێمی کودستاندا زۆرێک لە پەرلەمانتار و کادیر و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بە هەندێ لێدوان و دەربڕینیان هەستی ئێمە و خەڵک و تەنانەت جەماوەرەکەی خۆشیان ئازارداوە، بەڵام ناکرێت هەموو ئەوانە لەسەر خودی حزبەکان حیساب بکرێن و بکرێنە دەرفەت بۆ دنەدانی ڕق و پشێوی! برایانمان لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان باش لەم ڕاستیەدەگەن بەتایبەتی کە پەیوەندیی دێرین و لە مێژینەی نێوان پارتیمان و بزووتنەوە پەیوەندیەکی جێگیر و ڕێزلێگیراوە.
بە حوکمی ئەو ڕابردوو و پەیوەندیەی نێوانمان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان واینابینین کە نووسینەکەی مونیرە عەلی عبدولعەزیز هەڵوێستی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بێت، وەلێ بەداخەوە ناوبراو کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو پەیوەندیە مێژووییە و پەرێزی پڕ شانازی پارتی، لە ئاستێکی نزمی دەربڕین و بە زمانێکی زبر و ناتەندروست و پێچەوانەی عورفی دەربڕینی سیاسی و بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش، بابەتێک دەکاتە دەرفەت بۆ لەکەدارکردنی پارتیمان! ئەمە لە کاتێکدا کە لای خەڵکی کوردستان و یار و نەیار و خودی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش زانراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوو تا ئێستا بەگرتنەبەری ڕێباز و ڕاستەڕێیەکی دروستی خەبات و تێکۆشان، پارێزەری کولتووری جوانی کوردەواری و ڕێزگرتنە لە بیروباوەڕە ئاینی و ئایدۆلۆژیە جیاوازەکان و، هەروەها هاندەری پێکەوەژیان و زامنی ئاشتی و ئارامی کوردستانیشە.
مێژوو ڕابردویەکی نەگۆڕە، جگە لە توێژینەوە و بەڵگەی دانپێدانراوی زانستی و لۆژیکی، هیچ ڕێگایەکی دیکە نیە بۆ جوانکردن یاخود ناشرینکردنی ئەو زەمەن و ڕابردوە، بۆیە لە جیاتی تەشهیر و لەکەدارکردن باشترە خاتوو مونیرە و هاوشێوەکانی لە سەرنج و ڕەتکردنەوە و وڵامی وتە و دەربڕینی هەر کەس و لایەنێک پەنا بۆ شێواز و ڕێگای دروست و باوەڕهێنەر ببەن و بەلایەنی کەمەوە لە ئاکاری ئیمانداری دەرنەچن، چونکە بەپێچەوانەوە ئەو زمان و ئاراستە خراپە خزمەت بە پێکەوەیی و ئارامی و ڕەوشی ئێستای کوردستان ناکات.
بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
29ی7ی2020