دەقی پەیامەکەی سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#:
ئەمڕۆ 37 مین ساڵیادی یەکێک لە مەزنترین تاوانەکانە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدرا کە جینۆسایدکردنی بارزانییەکانە. ئەو تاوانە گەورەیەی تیایدا 8000 مرۆڤی بێتاوان، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندەبەچاڵکران.
جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرەتایەک بوو بۆ جینۆسایدێکی فراوانتری گەلی کوردستان، کە بە چەند قۆناغێکی جیاواز، ڕژێمی بەعس، لە ژێر ناوی ئەنفالدا، هەزاران هاونیشتمانيی بێتاوانی کوردستانی بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، بەرەو بیابانەکانی عێراق گواستەوە و دواتر بە دڕندانترین شێوە زیندەبەچاڵی کردن.
جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، شاڵاوێکی ڕەگەزپەرستانە بوو بۆ لەناوبردنی ناسنامە و سڕینەوەی میللەتێکی مافزەوتکراو. ئەگەر خۆڕاگری و بەردەوا مبونی گەلی کوردستان لە شۆڕش و داکۆکیکردن لە خاک و نیشتمان نەبووایە، ناسنامە و مانەوەی گەلی کوردستان، ڕووبەڕووی مەترسی گەورەتر دەبووەوە.
لەم بۆنە خەمناکەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە پێی توانا دووپات دەکەینەوە. لە هەمانکاتدا لەگەڵ حکومەتی عیراق لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و پێداگیریی دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری ئەنفالکراوانی کوردستان.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانییانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم ئەنفالکراوان و شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێنم.
#مەسرور بارزانی#
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/7/31