دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەژار
بۆ ڕای گشتی و ڕاگەیاندن
پێویستە 3ی ئاب وەک ڕۆژی تێکۆشان لە دژی فێمێنیسید (ژنکوژی) و قڕکردن ڕابگەیێندرێت.
هێزە دەسەڵاتدار و داگیرکەرەکان بە ئاواکردن و پێش ئاوەڵەکردنی چەتەکان #داعش# لە کوردستاندا زۆر قڕکردنیان پێکهێنا. بەو قڕکردنانە جارێکیتر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئێش و برینێک کە هەبوویان قووڵتر کرد. خەراپییەک کە بەڕێگەی تاریکایی داعش گەیشە ئەو جوگرافییایە تەنیا بە قڕکردنی ئێزدییانەوە سنووردار نەمایەوە؛ لە هەمانکاتدا گەلانی وەکوو عەڕەب، سوریان، ئەرمەن و کوردیان بە ئامانج گرت بەڵام، فێمێنیسیدێک کە لە 3ی ئابی 2014دا لە دژی ژنانی ئێزدی پێکهات، بە ئامانجی قڕکردنی تەواوی ئێزدخان پێشخرا. لە ڕۆژی 3ی ئابی 2014دا چەتەکانی داعش لە شەنگال زیاتر لە 5 هەزار ئێزدی کە زۆربەیان ژن، منداڵ و بەتەمەن بوون، قەتڵکردن. بە هەزاران کەس لە مەڵبەندیان کۆچبەر کران، کەسانێک کە لەلایەن داعشەوە بە یەخسیر گیرابوون، ڕووبەڕووی کردەوەی هۆڤانە بوونەوە، ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی بەکۆمەڵ بوونەوە و لە بازاڕی کۆیلەیاندا فرۆشتران.
قڕکردنێک کە پێکهات لە بیری ئێزدییان و ئێزدخاندا وەکوو فەرمانی73یەمین مایەوە. هەموو شەهیدان، گووتنەوە و بەڵگەش، بۆ ئەوەی کە ئاستی دڕندانەیی ئەو قڕکردنە نیشان بدات، تێرکەر نییە. گەلی ئێزدی هێشتا نەیتوانیوە برینی فەرمانی 73یەمین ساڕێژ بکەن. هێشتاش نزیکەی 3هەزار ژن و منداڵ کە داعش ڕفاندوونی و چارەنووسیان نادیارە، هەیە. سەرەڕای ئەوەیکە بە سەدان ژن و نزیکەی 2هەزار منداڵی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کراویشن، هێشتا کێشە کۆمەڵایەتی، دەرونی و جەستەییەکانیان تێپەڕ نەکردووە. دەوڵەتی تورکیا نەتەنیا ڕووی چەتەکانی لە شەنگال کرد لە هەمانکاتدا بە شێوەیەکی فەرمی بە فڕۆکە جەنگییەکانیەوە گەلی ئێزدی بە هێرشی هەوایی قەتڵکرد و هەتا ئەمڕۆکەش کۆمەڵکوژییەکانی بەردەوام دەکات.
ئێمە وەکوو کەژار قڕکردنێک کە بە دەستی چەتەکانی داعش و پشتگیری هێزە دەسەڵاتدار و داگیرکەرەکان پێکهاتووە؛ بە تووندی شەرمەزار دەکەین. لە ساڵڕۆژی حەوتەمیندا لە کەسایەتی شەهیدانی پێشەنگمان مامی ئێزدخان، مام زەکی، نازێ، نوژیان، دڵگەش، بێریڤان، بەرخۆدان و زەردەشتاندا سەرجەم #شەڕڤان#ان و پارێزەرانێک کە بە هانای گەلەکەیان لە شەنگالەوە چوون و لە بەرامبەر قڕکردن بە قارەمانێتی و فیداکارییەکی گەورەوە شەڕیان کرد و شەهید بوون بە ڕێزەوە وەبیر دێنینەوە و سڵاومان ئاراستەی ڕۆحێک دەکەین کە بۆ ئازادی شەڕی کرد.
ژنی کورد بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بزووتنەوەی ئازادی خۆی ئاواکرد. لە بەرامبەر هێزە دەسەڵاتدار و داگیرکەرەکان لە هەر بوارێکەوە شەڕ و تێکۆشانی کرد. ئەو تێکۆشانە بە دەیان ساڵە بە شێوەیەکی بێ هاوتا بەڕێوەدەچێ و سەرەتا لە بواری ئایدیۆلۆژی و ڕێکخستنیدا و دواتر لە بواری چەکداریشەوە پێشخرا. ژنان، هێزی پارستنی خۆیان ئاوا کرد و لە بەرامبەر دەسەڵاتداری دەوڵەت، لە بەرامبەر چەتەگەلێک بەوێنەی داعش؛ یێکینەکانی پاراستنی ژنان (یەژەشە)یان ئاوا کرد. یەژەشە بۆ ئازادی کۆمەڵگەی ئێزدخان پێشەنگایەتی کرد و پێشی لە قڕکردن گرت. هێزی پاراستنی گەوهەری ژنی کورد، وایکرد کە لە ناوچە و جیهاندا بە خۆشەویستییەکی گەورەوە پێشوازی بکرێت. بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز بوو بە ئیلهام، بوو بە موڕاڵ، بوو بە بڕوای تێکۆشانی ئازادی و شۆڕشی ژن.
گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی زۆر قڕکردنان بووە. بەهۆی سەپاندنی ژیانی کۆیلەیەتی لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە لەسەر ژن و گەلی کورد، سیاسەتی قڕکردن بەردەوام بەڕێوەچووە و هەتا ئەمڕۆش ئەو سیاسەتانە بەردەوام دەکرێن. هێزە سەرمایەدار، دەسەڵاتدار و قڕکەرەکان، قڕکردنی سەر گەلی ئێمەی ئێزدییان بەدەستی ئاکەپە-مەهەپە و هێزە نۆکەرەکانی ناوچە و بە تایبەتیش بە هاوکاری پەدەکە پێشخست. شەڕڤانانی گەل هێزەکانی #یەپەگە# و #یەپەژە# بە هەڵمەتی باهۆز داعشیان تێکشکاند. ئەوەش تۆڵەسەندن و مزگێنی ڕزگارکردنی هەموو ژنانی ئێزدی بوو. ڕێبەر ئاپۆ بە پێشبینینی خۆی بۆ گەلی شەنگال و بۆ پاراستنی ژنان هێندێک هەڵسەنگاندنیان کرد و باسیان لە گرنگی هێزی پاراستن و ڕێکخستنکردنی گەل کرد. بۆ ئەمەش شەڕڤانان و مێلیتانانی ڕێبەر ئاپۆ پێشیان لەو قڕکردنە گرت و جارێکیتر بوون بە پارێزەر و ئاواکەری سیستەمێکی نوێ بۆ گەلەکەیان. ئەمڕۆکە شەنگال لە لە دەوری پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا، بە پارادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ژینگەپارێز و ئازادیخوازی ژنەوە سەرلەنوێ ئاوا دەبێت و دەپارێزرێت. ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێزدی لەسەر بنەمای پێوەرەکانی ئەخلاقی و سیاسی، خۆی بەڕێوە دەبات. ئەمڕۆ هەموو کۆمەڵگا بە تایبەتیش ژن بە بیری ئازادی سەرلەنوێ خۆیان ئاواکردەوە و لە بەرامبەر دەسەڵاتداری و داگیرکاری ڕادەوەستێت. گەلی ئێمەی ئێزدی بە ڕێکخرا و دامەزراوەکانی خۆیان سیستەمی خۆیان ئاواکرد و بە هێزەی پاراستنی گەوهەری خۆیانەوە، خۆیان دەپارێزن.
وەکوو کەژار دەزانین کە ئەو زیهنییەتە کە ژنان دەخاتە بازاڕی کۆیلەیان و وەکوو موڵک قەتیس دەکات، زیهنییەتی دەسەڵاتدارە کە لە ڕاستی خۆیدا هەوڵدەدات لە تێکۆشانی ئازادی ژن کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشدەکەوێت، تۆڵەبستێنێت.
بۆ ئەمەش بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین، لە کوێ دەبن با ببن، پێویستە بە یەکەوە تێکۆشانی ئازادی ژنانێک کە ڕووبەڕووی توندوتیژی، قەتڵکردن و لەناوبردن دەبنەوە، بەرز بکەین.
هەروەها لە ساڵڕۆژی قڕکردن و فێمێنیسیدی (ژنکوژی) لە دژی گەلی ئێزدی بانگی هەرکەسێک دەکەین کە هەتا 3ی ئاب وەکوو ڕۆژیتێکۆشان لەدژی فێمێنیسید (ژنکوژی) و قڕکردن بناسرێت؛ تێکۆشانیان لە گۆڕەپانەکان و لە دام و دەزگا نێونەتەوەییەکاندا بەردەوام و بەهێز بکەن.
لە کۆتاییدا وەکوو کەژار دەڵێین کە: ئەو قڕکردنە نە تەنیا لەسەر ژنانی شەنگال، لەسەر هەموو ژنانی جیهان بەڕێوەچووە. بۆ ئەمەش هەموو ژنانی جیهان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییە ڕاوەستان و تێکۆشانیان کرد و لەمڕۆ بە دواوەش هەموو ژنانی ئێزدی و ژنانی ئازادیخواز بە زانابوونەوە دەجوڵێنەوە. بە تێکۆشانێک کە ئەمڕۆ لە هەر چوار بەشی کوردستان بەڕێوەدەچێ بە پێشەنگایەتی ژنەوە ئازادی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین و هەرگیز ناهێڵین کە چرای ئێزدخان بکوژێتەوە. بۆ ئەوەی بەردەوام ڕووناک و گەش بمێنێتەوە؛ خۆڕاگری و تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین.[1]