ئەمڕۆ بە ئازارێکی قووڵەوە يادی شەش ساڵەی جينۆسايدی ئێزدييان و کارەساتی #شنگال# دەکەينەوە. بە ڕێز و شکۆوە هەموو ئه و خوشک و برا ئێزدييانەمان بەبير دەهێنينەوە کە بوونە قوربانيی تاوانکارييەکی بێهاوتای تيرۆرستانی #داعش#. هيچ کەسێک بڕوای نەدەکرد لە سەدەی بيست و يەکدا مرۆڤايەتی جارێکی دی مەرگەساتێکی وا دەبينێتەوە کە هەموو جيهان شۆک دەکات. سڵاو و دروود بۆ گيانی پاکی قوربانيانی کارەساتی شنگال و تەواوی خوشک برايانی ئێزدی.
لە کاتێکدا ئەم يادە بەئازارە دەکەينەوە، بەداخەوە هێشتا برينی خوشک و برايانی ئێزديمان خوێنی لێ دەچۆڕيت و بە هەزارانيان لە کەمپەکانی ئاوارەييدا دەگوزەرێنن. شەنگال و ناوچەکانی ديکەی ئێزدييان هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە و زەمينەيەکی لەباری گەڕانەوەی سەقامگيری و گێڕانەوەی ژيانيان تێدا نييە. شنگال کراوەتە مۆڵگەی چەکدارانی ناياسايی کە بێباکانە لەسەر برين و خەمی ئێزدييان خەريکی بەڕێوەبردنی ئەجێندا و بەرنامەی سياسيانن.
لەم يادەدا دووپاتی دەکەينەوە کە هەرێمی کوردستان لەسەر هەوڵەکانی بۆ دابينکردنی سەقامگيری و گێڕانەوەی ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و کردنی بە پارێزگا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ حکوومەتی فيدراڵی عێراق و ئيدارەی پارێزگای مووسڵ هەموو هاوکاری و هەماهەنگييەک دەکات، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتيش کار دەکات تا بە هاوکاريی يووئێن و يوونيتاد ئه و تاوانە بە جينۆسايد دەناسرێت و تاوانکاران دەدرێنە دادگا و قوربانييان قەرەبوو دەکرێنەوە.
خوشک و برايانی ئێزدی بە هەزاران ساڵ لەسەر زێدی خۆيان بڕوا و ئايينی خۆيان پاراستووە و هەميشە هۆکارێکی گرنگ و کارای کولتووری پێکەوەژيان و لێبوردەيی بوون و بۆ هەميشە هەروا دەمێننەوە. لەم يادەدا جەخت لە قووڵکردنەوەی ئه و کولتوورە دەکەينەوە و هەموو پێکهاته ئايينی و نەتەوەيييەکان دڵنيا دەکەينەوە کە کوردستان بە لانکەی ئارام و پارێزراوی هەمووان دەمێنێتەوه، هەروەها بەڵێنيش بۆ کەسوکاری ڕفێنراوان دووپات دەکەينەوە لە گەڕان و ڕزگارکردنيان و هەوڵدان بۆ زانينی چارەنووسيان بەردەوام دەبين.
سڵاو لە گيانی پاکی ئه و پێشمەرگە قارەمانانەی بە سەرپەرشتيی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، شنگاليان ڕزگار کرد و لەوپێناوەدا گيانيان بەخشی. سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانەی لە ناوخۆ و دەرەوە هاوکارييان پێشکەش بە ئێزدييان کرد. خوشک و برايانی ئێزدی دڵنيا دەکەينەوە بۆ دابينکردنی دادپەروەری و داهاتوويەکی باشتر هەميشە لەگەڵياندا دەبين.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#03-08-2020#