وەڵامێک لەبەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە بۆ ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
دوێنێ 12ی ئابی 2020، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، له و ڕاگەیە ندراوەیاندا بەشێوەیەکی نالۆژیکانە کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەمایان ڕیزکردوون و ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەمەش وەک ئەوەی تا ئێستاش یەکگرتوو لە بەشێکدا خۆی بەشداری دامودەزگاکانی حکوومەت نەبێت، لەمەش زیاتر ئەنجوومەنی یەکگرتووی ئیسلامی باس لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، ئەمە لەکاتێکدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە هەموو ڕێگەیەکی بۆ تەشەنە نەکردنی ئەم پەتایە گرتووەتە بەر، بەڵام سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی گاڵتەیان بە هەوڵەکانی حکوومەت دەکرد و، لە سۆشیال میدیاوە ڕایان دەگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونی نییە و حکوومەت بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی ئەم ڕێوشوێنە توندانەی گرتووەتە بەر!
سەبارەت بە بژێوی هاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش، ڕاگەیەندراوەکەی یەکگرتوو لەجیاتی ئەوەی وەک حزبێکی سیاسی کوردستانی هاوکار و پشتگیر بێت بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن و ئەم قەیرانە تێپەڕێنین و، ئامادەباشی دەرببڕن بۆ چارەسەرێکی بابەتیانەی ئەم کێشانە، هەوڵی چەواشەکاریان خستووەتە گەڕ و تۆمەتی بێ بنەما دەدەنە پاڵ هەوڵەکانی حکوومەت و، دەیانەوێت قەیرانی دارایش هاوشێوەی پەتای کۆرۆنا وەک کارتێکی سیاسی بۆ مەرامی حزبی بەکاربهێنن. هەروەک لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە پرۆسەی چاکسازی دەکەن و دەیانەوێت خۆیان وا نیشان بدەن کە پەرۆشی چاکسازین، دیارە پرۆسەی چاکسازی وەک پرۆسەیەکی گشتگیر لە چوارچێوەی یاسادا دەستی پێکراوە و، پرۆسەکە لەوە گەورەترە کە بکرێتە موزایەدەیەکی سیاسی بێ بنەماو و بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی خۆیان وەک داهێنەری چاکسازی وێنا بکەن و، وای نیشانبدەن کە هەنگاوی جیددی بۆ پرۆسەی چاکسازی هەڵنەگیراوە.
ئەوەی بۆ ئێستای بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئەولەویەتە، ئەوەیە کە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە کوردستانییە دڵسۆزەکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندابن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بەپێچەوانەوە ئەو کەلێنەی ئێوەومانان دەیخەینەڕوو، لایەنی دیکە گرەوی لەسەر دەکەن و، جێگەی خۆیەتی ئەوەش بڵێین، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی بەغدا خۆی لە گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم دەدزێتەوە، بەشێک لە ناوخۆش هاوکاری ڕەوایەتییدان بەو خۆدزینەوەیەی بەغدان و، ئامانجیانە باردۆخی هەرێم ئاڵۆز بێت بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن، کە ئەمەش یاریکردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و تاسەر هاووڵاتیانی پێ چەواشە ناکرێت.
لە کۆتایدا ڕێگا دروستەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، یەکدەستی و قوڵکردنەوەی گیانی هاریکاری و پێکەوەیی سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە نەک مزایەدەکردن و گوتاری بێ کردار، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە خزمەتکردن و باشکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و ڕەخساندنی زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی گونجاوی شایستەی گەلی خۆڕاگری کوردستان بە مزایەدەکردن و تۆمەت بەخشینەوە نایەتەدی وەک چۆن لە ڕابردووش مزایەدەچییەکان هیچیان بۆ خەڵک و خۆشیان بەدەست نەهێناوە...
بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
#13-08-2020#