ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە
هاونیشتیمانیانی بەڕێز
لەبارەی پرۆژە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی دەمانەوێت لێرەوە دڵنیاتان بکەینەوە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی هیچ یاسایەک ناکەین کە کاریگەری لەسەر بچوککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین هەبێت.
ئەو ڕەخنەو سەرنجانەی بۆ ئێمە هاتوە جێگای بایەخەو ڕێزلێگێراوەو پێوەی پەیوەستین.
یەک: سەرجەم ئەو ئەندامانەی فراکسیۆنی گۆڕان واژویان لەسەر پرۆژەکە کردوە، واژوەکەیان دەکشێننەوە.
دو: ئەم پرۆژەیە تەنیا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، خوێندنەوەی دوەم و ڕاپۆرت نوسین و دەنگدان لەسەر پرۆژەکە ماوە، داوا لەسەرۆکایەتی پەڕلەمان دەکەین پڕۆژەکە ڕابگرێت، لە بری ئەمە کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکات کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵک و موچەخۆران و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
سێ: لە ئێستادا چەندین دۆسیە، لە دادگاکانن کە ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان، لەسەر بابەت و نوسینەکانیان لە پێگە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوبوەتەوە بە یاسای سزادانی عێراقی و خراپ بەکارهێنانی مۆبایل مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، حوکمدان بەم یاسایەنەش زیندانیکردنی تێدایە، هەوڵدەدەین لە داهاتودا ئەو یاسایانەی کۆت و بەند بۆ ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین دروست دەکەن هەموار بکەینەوە.
چوار: بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانین دۆسیەی تیرۆرو ئازادی ڕادەربڕین پێکەوە تێکەڵ بکرێن.
فراکسیۆنی گۆڕان
#16-08-2020#