28ی گەلاوێژ و فتوای خومەینی جینایەتکار بۆ سەر کوردستان لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دوژمنایەتی کۆنەپەرەستی و سیستمی داگیرکەری ئێران سەر کوردستان دەسەلمێنی. بە هێرشی دڕندانە و هەمەلایەنانە بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە گەلی ئازادیخوازی لە ژینگەی بێبەزەییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت ئازادانە ژیان بکات. ئەوە دروست لە ڕۆژێکی مێژویی ئەم پەیامە بۆ گەلی کورد دەنێردرێت کە دروست لە هەمان ڕۆژدا لە ساڵی 1332 ئەم پەیامە محەمەدڕەزاشای ئێران بە ئازادیخوازانی ئێرانی دا و بە سەدان کەسی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ قەتڵ و عام کران.
ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی دو ڕوداوی مێژویین کە لە سەر یەک ڕێچکە دەڕۆن و تەواوکەری یەکترن، ئەویش کودەتای 28ی گەلاوێژ بە دژی حکومەتی دوکتور مسەدق و ڕەوتی ئازادیخوازی لە ئێران کە بە پاڵپشتی زلهێزەکان بە ئەنجام گەیەندرا. دەرئەنجامی کودتای 28ی گەلاوێژی 1332 ڕێگەخۆشکەربوو بۆ کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆریەت و هاوکات تێکشکاندنی چرۆی ئازادی و دێمۆکڕاسی لە ناوچەکە. دەتوانین بڵێین بەڕێوەچونی ئەم کودەتایە لەو سەردەمدا ڕێگەخۆشکەری 28ی گەلاوێژێکی تر و فتوا و کوشتاری گەلی ئازادیخوازی کوردستانی بەدواوە بوو. بە هاتنە سەرحکۆمداری خومەینی و ئاخوندەکان، هاوکات لە گەڵ هێرش بۆ سەر کوردستان، هەمو ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێک لە ئێران کەوتنە بەر تەوژمی هێرشی بێڕەحمانەی هێزە نیزامیەکانی ئێران و بە هەزاران ژن و پیاو ئێعدام کران و لە زیندانەکاندا بێحورمەتیان پێکرا.
هێرشی بێ بەزەییانەی هێزەکانی نزامی ئێران بۆ سەر کوردستان و کوشتار و ئێعدامی گەنجان و تەنانەت منداڵانی کوردستان و دەست نەپاراستنیان لە کوشتار، پەیامێکی مێژویی بۆ ئازادیخوازان و گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی کورد هێناوە کە ئازادی بە بێ پاراستن ناتوانێت بپشکوێ و لە ناو کۆمەڵگەدا پەرەبستێنێت. دەبینین بە ناوی کافر و دژی دین و خودا بە هەزاران کەس قەتڵ و عام کران و ئەوە دەیسەلمێنێت کە کردەوە قێزەونەکانی #داعش# درێژەدەری هەمان کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە سەردەمی فتوای 28 گەلاوێژ. بۆیە هەر ئازادیخوازێ و هەر نەتەوەیەک کە خولیای ئازادی و سەربەستیە سەرەڕای ئیرادەی پۆڵایین بۆ درێژدانی تێکۆشان بە دژی کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆریەت، پێویستە بە هێزی بەرگری خۆی بتوانێت پاشەکشە هەم بە زێهنیەتی داگیرکەری و کۆنەپەرەستی بهێنێت هەم بتوانێت پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی لە کۆمەڵگای خۆیدا بکات. بۆیە پێویستە گەلانی ئازادیخوازی ئێران بە دژی دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرەستی هاودەنگ بن بە یەکەوە تێکۆشان بکەن بۆ گەییشتن بە ئازادی.
#پژاک#
#18-08-2020#