دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی یادی 74 ساڵەی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لە يادی حەفتا و چوار ساڵەی دامەزراندنی پارتيماندا، بە ڕێزەوە يادی شەهيدانی نەمر دەکەینەوە کە لەپێناو ئازاديی کوردستاندا گيانيان بەخشی، دروود بۆ گيانی پاکيان و سڵاو بۆ خانەوادە و کەسوکاريان و بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین. پيرۆزبايی لە جەنابی سەرۆک بارزانی، مەکتەبی سياسی، سەرکردايەتی، کادران، ئەندامان، لايەنگران و جەماوەری پارتيمان دەکەين.
بە شکۆوە يادی ڕابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزانيی نەمر و تەواوی سەرکرده و تێکۆشەرە دێرینەکانمان دەکەينەوە کە وەک زەروورەتێکی مێژوويی پارتييان دامەزراند و تا دوا هەناسەيان لە کۆڕی خەبات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و ڕێباز و قوتابخانەيەکی خەباتيان بۆ کوردستان و نەوەکانی دوای خۆیان بەجێهێشت.
پارتی لەپێناوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا دامەزراوە و خەباتی بۆ ديموکراسی و ئازادی و ڕێکخستنی سيستمی سياسی کردووە کە لە سايەيدا کوردستان سەرفراز بێت. لە ڕێگەی خەباتدا شانی داوەتە بەر هەموو سەختييەکان، ئێستاش ئەرکی پارتی و کادرانيەتی لە ڕێگەی حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کار بۆ باشترکردنی ژيانی کوردستانييان و تێپەڕاندنی کێشە و قەيرانەکان بکەن، وەک هەمیشەش دەستپێشخەر و سەرمەشقی يەکڕيزی و تەبايی و پێکەوەکارکردنی لايەن و پێکهاتەکانی کوردستان بن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.
لەم يادەدا جەخت لە ڕۆڵی گرنگ و کاريگەری پارتی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فيدرالی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ماف و شايستە دەستوورييەکانی هەرێمی کوردستان و بەکردەييکردنی فيدراليزم دەکەينەوە، هەروەها پێداگری لەسەر گرنگی و پێويستيی کارکردن لەسەر بنەماکانی سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی عێراق دەکەين بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی و سەقامگيريی سياسی و پێشکەوتن لە وڵات.
لە کاتێکدا ئەم يادە دەکەينەوە، کە جيهان، ناوچەکە، عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتايبەتی لە دۆخێکی سەخت و هەستياردايە، کادران و ئەندامان و جەماوەری کۆڵنەدەری پارتیمان لەگەڵ کوردستانييان بەرگەی سەختی و بارگرانییان گرتووە و بەردەوام درێژەپێدەری کاروانی خەبات و تێکۆشانن، لەم یادەدا سوپاسيان دەکەم، سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ خۆڕاگريييان، دڵنيام بە خۆڕاگری و تێکۆشانيان ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنين و بە ئومێدەوە بەره و ئايندەيەکی باشتر هەنگاو دەنێین.
نێچيرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی ديموکراتی کوردستان
16ی ئابی 2020