28ی گەلاوێژ 1332ی کۆچی- هەتاوی، حکومەتی موحەمەد موسەدەق لە کوودەتایەک بە یارمەتیی ڕاستەوخۆی بەریتانیا و ئامریکا لە بەین بردرا و کۆتایی بە تەمەنی کورتی دیموکراسیی لە ئێران هێنرا.
ئەو ڕۆژ 41 ساڵ بە سەر فتوای خومەینی بۆ جیهاد دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و لەشکرکێشی دژ بە خەڵکی کوردستان، بە فەرماندەریی بکوژانی خەڵکی کوردستان و ئێران، بەنی سەدر، تێپەڕ دەبێت. بەنی سەدر، ئەو ئەڵقە لەگوێیەی خومەینی کە فەرمانی دا سەربازەکان بەنی پۆستاڵەکانیان هەتا سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان نەکەنەوە.
چلویەک ساڵ لە تۆتالیتاریزم، لە دیکتاتۆری و فاشیزمی مەزهەبیی و لە درێژەدان بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و لە داگیرکەریی. چلویەک ساڵ لە کردنی ئێران بە باخی عەدەن بۆ کەمینەیەکی بچووکی دەسەلاتدار و گۆڕینی ئێران بۆ دۆزەخێکی سەر زەمین بۆ زۆرینەی گەلانی ئێران.
حکومەتی خومەینی بە کەڵکوەرگرتن لە ناڕۆشنیی و لە بێبەرنامەیی ڕێکخراوەگەلی ئەوسای ئێران کە نەیانتوانی بە پێی بەرنامەیەکیی دیموکراتیکی جەماوەریی و بە قبوڵکردنی پلورالیزمی سیاسیی زەمینەی لە بار بۆکۆکردنەوەی ئێرانیەکان فەراهەم بکەن، توانی سواری شەپۆلێکی پۆپۆلیستیی مەزهەبیی و ناڕەزایی گشتیی سەرانسەریی بێت و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پاشان بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێبازێکی مەزهەبیی، هاوشێوەی ڕێبازی ئەوڕۆی ئەردۆغان، جیایی و تەفرەقە بخاتە ناو جۆرگەلی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و سەنگەریان پێ بگۆڕێت و لە گۆڕەپانی سیاسیی وەدەریان بنێت.
رژێمی ئێران توانی زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بکەن بە کوشتارگا و مەیدانی تیرۆر و کوشتن و بڕین و بیگەیەنن بە زۆر دوورتر لە ئەودیو سنووری ئێران. ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران دەبا ببووایه بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکانی ئێران و خەڵکی کوردستان، کە لەبەر هۆگەلی ڕۆشن، دروست بە پێچەوانەوە کەوتەوە و لەباتی شوێنەراوی ئیجابی و موسبەت، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی دەستە و تاقمە ئیسلامییە توندرەوەکان لە ناوچەکە و بگرە لە جیهاندا.
لە بریتی ئەوەی دەستکەوتەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران مافی بڕیاری دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلانی ئێران، کۆمەڵێک ماف و ئازادیی وەکوو: مافی ڕیفەراندۆم بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران، سەپاندنی پلورالیزمی ئەتنیکیی و سسیاسیی و کولتوریی، بەهێزکردن و تێگەیشتن لە سیستەمی پارلەمێنتاریزم، لە شێوەی دابەشکردنی دەسەڵات و لە ڕەواندنەوەی دەسەڵات و لە شەفافیەتی دەسەڵات، بەهێزکردنی سیکولاریزم و جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت لە یەکتر، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی مافی هاووڵاتیی بگریتە خۆی؛ بە داخەوە فەزای هەرکەس بۆ خۆی پێک هات و حکومەتی خومەینی کە لانی کەم لە دیسپلینی مەزهەبیی و بە هۆی شێوازی ڕێکخستنی حەوزەکانی علمیە و مزگەوتەکان لە هەموو لایەک ڕێکخراوتر بوون، توانی جڵەوی حوکمڕانی بگرێتە دەست.
چلویەک ساڵ لە بەشەڕدانی خەڵک، لە بڵاوکردنەوەی ترس و وەحشەت و دوودڵیی و گومان، لە کوشتار و ڕاوەدوونان و تێکدان، لە کردنی ئێران بە گۆڕەپانی چەک و تەقەمەنیی و کێبڕکێی سەربازیی، لە بەشەڕدانی مەزهەبگەلی جیاواز لە وڵاتانی دەراوسێی و دەستخستنە ناو کاریان، پێمان دەڵێت کە ئاشی ئەو ڕژێمە تا سەر هەر دەتوانێت بگەڕێت ئەگەر بێت و لە ئێستاوە حاڵیی نەبین کە خاڵی سەرەکیی بۆ هەموو لایەنێکی جیددیی 1999 سیاسیی، دەبێت ئەڵتەرناتیڤی پاشەڕۆژ، بە میکانیزمی شێوەی کردن و بە کەناڵگەلی جێبەجکردنیەوە، بۆ پاش ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە دیاری بکرێن.
کوردستان نموونەیەکی جیاوزتر لە بەشەکانی ئێرانە. ئەویش بە حوکمی ئازادیخوازیی نەتەوەیی و مێژووی تۆمارکراوی ئازادیخوازییەوەیە. دیارە کوردستانیش پێویستیی بە پرۆژەیەکی ڕوونتر و کۆنکرێتتری سیاسییە و دەتوانین بیکەین بە پێگەیەکی مەحکەم و بە گۆرەپانی مەشقی دیموکراسیی و دیالۆگی سالم و پلورالیستی کە هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکان وێرای پاراستنی سەربەخۆیی فیکریی و ئایدیولۆژیکی خۆیان، بتوانن بەمەبەستی گەیشتن بە داخواز و ئاواتەکانی گەلەکەمان هاودەنگ و هاوپەیمانی یەک بن.
ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەبێت بتوانن کۆنکرێت ڕوونی بکەنەوە چییان دەوێت، دەیانەوێت چۆن لە پرۆسەی گۆڕینی کۆماری ئیسلامییدا بەشدار بن و ئەڵتەرناتیڤی سیاسیان بۆ دوارۆژ چییە. ئەمە شتێکە تا ئێستا نییە و ئەگەر هەشبێت لە سەر ئاستی نزم و بەرتەسکدایە. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ڕێککەوتننامەیەک بۆ پلورالیزمی سیاسیی، و بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی شێلگیر نەبوون بە پرسی نەتەوەیی و داوای خەڵک، هەمیشە ئەگەری پەرتەوازەبوون و هەرکەس بۆخۆیی و تاکڕەویی لە ئارادایە.
بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتنی تا ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، جێی خۆیەتی ڕێکخراوگەلی ڕۆژهەڵاتیش هەرچی زووترە بکەوێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی سیاسیی و پرۆسەی پێک گەیشتن بۆ وتاریی نەتەوەیی هاوبەش. دەبێت شەڕی ناوخۆ کە تەنها بە مەرامی پاراستن و بەرفراوانکردنی بەرژەوەندیی حیزبیی و تاکەکەسیی بەرپا دەکرێت، بە تەئکیدەوە ڕەفز بکرێت و هەموو هێزەکان وێرای پەسەندکردنی پروتوکولێک کە شەری ناوخۆیی لە هەر شکل و شێوازێکیدا قەدەغەی ڕادەگەیەنێت، هەوڵ و تێکۆشان بو پلاتفۆرمێک بەمەبەستی پێکەوە کارکردن و بۆ وەدەستهێنانی دەستکەوت و بە ئامانج گەیاندنی پرسی نەتەوەیی و دیموکراتیکیی بێت، کە ئاوات و ئامانجی دڵی برینداری خەڵکی کوردستانە، وەک ئەڵتەرناتیڤی دووهەم و لە قازانجی گشتییدا بهێننە ئاراوە.
ئەوانەی چ وەکوو تاکەکەس و چ وەکوو ڕێکخراوەی سیاسیی ڕچەشکێن و دەستپێشخەرن و گوێ بە فەرهەنگی دواکەوتوو نادەن لاق و دەستیان ببەستێتەوە، دەتوانن هەر ئێستا مێژوویەک لە سەرکەوتن تۆمار بکەن و لە ئاییندەدا دیواری بەردەوامبوونی لە سەر هەڵبچنن. ئەوانە براوەی ئێستا و ئایەندە دەبن و ناویان لە مێژووی سەروەریی نەتەوەکەماندا تۆمار دەکرێت. لەبەرابەر ئەو ئەمەکناسیەدا، دواکەوتوویی سیاسیی و بەشدارنەبوون لە پرۆسەی دروستکردن و سازکردندا بێگومان مەحکومە بە مەرگ و نەمان.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو هەر بەشێکی دیکە لە کوردستان و وەکوو هەر نیشتمانێکی داگیرکراوی دیکە بەرامبەر بە سیاسەتی ترساندن و سەرکوت، سووکایەتیی پێکردن، ویژدان بریندارکردن، ڕاوەدوونان، زیندانیکردن و کوشتن و تەنانەت بە کۆمەڵکوشتن و هەڕەشەی ژێنوسایت ڕووبەڕوو بووەتەوە، و هەروەها قوربانی هەڵاواردنی گەورەی کولتوریی و ئابووریی بووە.
بەو هیوایەی بە شێوەیەکی دروست و ئەمڕۆیی، لە ئاستی مافی مرۆڤ و مافی خەڵک بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، هەموومان پێکەوە وەڵام بە چلویەک هەمین ساڵیادی فەتوای بەکۆمەڵکوشتنی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بدەینەوە و وەکوو ڕووداوێکی یەکجاری و تێپەریو نەیبنین. ئەویش یەکگرتوویی و هاوسەنگەریی و چەسپاندنی ئازادیخوازییە.
نەمری بۆ تەواوی گیانبەختکردووانی کوردستان
#19-08-2020#