ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە يادی قوربانييانی ئەنفالی بادينان دەکەينەوه، دروود بۆ گيانی پاکی شەهيدان و سڵاو بۆ کەسوکاری سەربەرزيان دەنێرين. لە بەردەواميی ئه و شاڵاوە بەدناوه و لە تاوانێکی ديکەی دڕەندەدا، ساڵی 1988 ڕژێمی بەعس (180) هەزار هاووڵاتيی کوردستانی هەر لە گەرميانەوە تا بادينان بێ جياوازی بێسەروشوێن و شەهيد کرد و هەموو شوێنەوارێکی ژيانی لە هەزاران دێهاتی کوردستان سڕييەوە.
لە 25ی ئابەوە تا 6ی ئەيلوولی 1988 لە دوا قۆناغەکانی ئەنفالدا زۆربەی زۆری ناوچەکانی بادينان کيمياباران کران و هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی ناوچەکە لەلايەن پێنج فيرقەی سەربازييەوه ڕووبەڕووی گرتن و کوشتن و ڕاگواستن بوونەوە، مزگەوت و دێر و گوندەکانی بادينان بەر شاڵاوەکە کەوتن و وێران کران، ئەوانەش کە لە تاوانەکە ڕزگاريان بوو، بەره و ئێران و تورکيا و وڵاتان دی، ئاوارە و دەربەدەر بوون.
لەم يادەدا دووپاتی دەکەينەوە دەبێت حکومەتی فيدرالی عێراق ئەرکی ياسايی خۆی و بڕياری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق جێبەجێ بکات کە شاڵاوەکانی ئەنفالی بە تاوانی دژی مرۆڤايەتی و جينۆسايد و جەنگ ناساندووە و قوربانييان و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە هەموو ڕوويەکەوە قەرەبوو بکاتەوە، لە هەرێمی کوردستانيش خزمەتی زياتری قوربانييانی ئەنفال و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ونبووان بکرێت، هەروەها بەردەوام بين لە بەدۆکيۆمێنتکردنی تاوانەکان و هەوڵدان بۆ ناسانديان بە جينۆسايد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگريکردن لە دووبارەبوونەوەيان لە هەر شوێنێکی جيهان.
دەبێ يادی ئەنفال هاندەری زياترمان بێت بۆ پتەوکردنی تەبايی و يەکڕيزيی لايەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئەو لاپەڕانەی مێژوو پێویستە ببنە هەوێنی لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان کە ئەوەش باشترين وەفادارييە بۆ خوێنی شەهيدان. هەر لەم يادەدا سوپاس و پێزانينمان بۆ خەڵکی #هەولێر# و دەوروبەری دووپات دەکەينەوە کە بە هەموو شێوەيەک هاوکاريی خەڵکی لێقەوماوی بادينانيان کرد کە له و شاڵاوەدا ڕاگوێزرانە کەمپی زۆرەملێی جێژنيکان، جوامێری و مرۆڤپەروەرييان هەرگيز لەبير ناکرێت.
سڵاو لە گيانی پاکی شەهيدانی ئەنفال و تەواوی شەهيدانی کوردستان.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#25-08-2020#