یادی 32 ساڵەی کارەساتی ئەنفالی بادینان یەکێکی ترە لەتاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی بەعس دژ بەگەلی کوردستان مرۆڤایەتی و بەتاوانی جینۆساید لەقەڵەم دەدرێت، ڕژێمی بەعس بێ جیاوازیکردن لەنێوان پێکهاته و ئاین و ئاینزاکان، کریستیان و موسڵمانانی لەدەڤەرەکە کردە ئامانج و مزگەوت و دێرو کڵێساو مەزارگەکانی خاپوورکردن، دەستی لەمرۆڤ و ژینگه و سیماکانی ژیان نەپاراست و تاوانێکی بێوێنەی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ئەنجامدا.
لەدواین قۆناغی ئەنفال لە 8/25 تا 9ی ئەیلولی ساڵی 1988، جارێکی دیکە ڕژێمی بەعس دەستی ڕەشی خۆی خستەوە گیانی خەڵکی سیڤیلی کوردستان و لەدەڤەری بادینان دواین زنجیرەی تاوانکاریی بەناوی ئەنفالی بەڕێوەبرد.
لەم یادە دووپاتی هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە بۆ هەرچی زیاتر کارکردن بۆ ناساندنی تاوانکارییەکانی دژی خەڵکی کوردستان بەجینۆسایدو مکوڕین کەدەوڵەتی عیراق بەپێی دەستوور ئەبێت بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانیان لەئەستۆ بگرێت و تەواوی مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بسەلمێنێت، هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسە لەگەرەنتیکردنی پاراستنی خەڵکی کوردستان لەدووبارەنەبوونەوەی کارەساتی لەمشێوەیە.
خەڵکی کوردستان تەنیا بەهۆکاری ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانییان بوونە ئامانجی دەستدرێژی و تاوانکاریی دوژمنان و نەیارانمان، ئەوەی کەبەردەوام بەری بەشاڵاوە دڕندەکان و تەماعی دوژمنان گرتووە خۆڕاگریی میللەتەکەمان و ئازایەتیی ڕۆڵە قارەمانەکانی و پاراستنی یەکڕیزیمان بووە، بۆیە پێویستە لەداکۆکیکردن و چەسپاندنی زیاتری مافەکانی خەڵکی کوردستان، هێزە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و خەڵکی کاریگەری کۆمەڵگە بەیەکەوە پێداگیریی زیاتر بۆ چەسپاندنی مافەکان بکەن و کۆتایی بەهەموو جۆرە ناکۆکییەک بهێنرێت بۆ بەهێزتر نیشاندانی خواست و داواو مافی خەڵکی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
#25-08-2020#