بەرپرسی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات بەهۆی بۆدرومانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکەوە بەتەنها لەسنووری بادینان 200 هەزار نەمام و دار زیانیان پێگەیشتووە و لە ناوچوون، جگە لەوەش هەزاران باڵندەوە و زیندەوەریش سوتان و لە ناوچوون.
سوپای دەوڵەتی تورک، نزیکەی سێ مانگە پەلامار و بۆردومانەکانی بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان چڕکردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە جگە لە زیانە گیانییەکان زیانێکی زۆر بە ڕەز، باخ و دارستان و ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە، ئەمەش وای لە چالاکوانانی ژینگە کردوە هەڵمەتێکی ئۆنلاین بە دروستکردنی هاشتاگ و بڵاوکردنەوەی وێنەی بۆردومانەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لە دژی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا و ئێران ڕابگەیەنن.
ئاسۆ شکاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەهۆی بۆردومانەکانی ئەم دوایەی سنوری بادینان لەلایەن سوپای تورکیاوە 200 هەزار نەمام و دار زیانیان بەرکەوتووە و لە ناوچوون، بە هەزاران زیندەوەر و باڵندەش سوتان و گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکیشیان بەهۆی نەمانی خۆراکی پێویست کۆچیانکردوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە دارستانی ناوچەکە بڕێکی باشی لە ئۆکسجین بە ناوچەکە بەخشیبوو هەروەها ژینگەیەکی جوانیشی بۆ گەشتیاران دروست کردبوو کە بەداخەوە ئەو ژینگەیە بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە ناوچوو.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی، وتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین فشار لەسەر تورکیا و ئێران دروست بکەین هەڵمەت یان کەمپنێکی ڕۆژانەمان دروستکردوە هەرکاتێک بۆردومان هەبێت لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، کەمپینەکە لەلایەن ئەندام و ڕێکخراوە هاوبەشەکانمان لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی چالاک دەکەین و بە بڵاو کردنەوەی وێنەی بۆردومانەکان و دروستکردنی هاشتاگ فشار دروستدەکەین، نوسینەکانیش بە هەر سێ زمانی کوردی، تورکی و فارسییە و لە ژێر ناوی (نا بۆ تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان)ە.[1]