دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
تاوانی ئەنفالی بادینان درێژکراوەی ئەو زنجیرە تاوان و کارەساتانە بوو کە ڕژێمی پێشووی عێراق بە مەبەستی قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجامی دا. لە 25ی ئابی 1988 هەتا 6ی ئەیلوولی 1988دا بەشێکی زۆری ناوچە و گوندەکانی دەڤەری بادینان کەوتنە بەر هەڵمەتی نامرۆڤانەی کیمیابارانکردن، گرتن، کوشتن، ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق. بە هەزاران کەس شەهید، بێ سەروشوێن و ئاوارە کران و سەدان گوندیش خاپوور کرا.
گەورەترین کێشەی ڕژێمەکانی پێشوو و نەیارانی کوردستان، بوونی گەلێک بوو کە خاوەنی مێژوو و جیۆگرافیا و تایبەتمەندییەکانی نەتەوە بوو. ئەوان مەبەستیان بوو لە ڕێگەی زەبر و زەنگ و جینۆساید و ئەنفال و گۆڕینی دیموگرافییەوە کۆتایی بە بوونی گەلی کوردستان بهێنن. بەڵام خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان ڕێگەی لەوە گرت ئەو پیلانە شووم و نامرۆڤانەیە سەر بگرێت.
لە یادی کارەساتی ئەنفالی بادیناندا جەخت لە ڕەوایەتیی ماف و داواکارییەکانی گەلەکەمان دەکەینەوە و پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و کارەساتانە بکاتەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوو بەسەر گەلی کوردستانی هێناوە.
لەو یادە تاڵەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و #گەرمیان# و بارزان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین و ڕاشیدەگەیێنین، کە هەرگیز ئەو زوڵم و نەهامەتی و تاوانانە لە یاد ناکەین کە لەدژی گەلەکەمان کراون.
مسعود بارزانی
25ی ئابی 2020