سەبارەت بە چەواشەکاریەکانی پەرلەمانتار (#عەبدولستار مەجید#) لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، گوایە سەرۆکی پەرلەمان داوای لێکردوە سەبارەت بە لێبڕینی 21%ی موچەی فەرمانبەران بەڵگە بهێنێتەوە، دەمانەوێ بەڕای گشتی ڕابگەیەنین کە :-
1/بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان بەنووسراوێک وەڵامی ناوبراوی سەبارەت بە یاداشتی پرساندنی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و ئابوری داوەتەوە، کە لەڕاگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوە تەنانەت بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ پەرلەمانتار (عەبدولستار مەجید) نەکردوە، شێوازی کاری ئێمە فەرمییە و بەنووسراوە.
2/ناوەڕۆکی نووسراوی ئاماژە پێدراوی سەرۆکی پەرلەمان پاڵپشت بووە بەماددەکانی (68، 69، 70/ یەکەم، 74/چوارەم و پێنجەم)ی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان هیچ شتێکی بە ئیجتیهادی کەسی و ڕای خۆی ئاڕاستەی نەکردوە.
3/ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ڕێگە بەخۆی نادات لە پێناو ڕازی کردنی هیچ کەسێک، یاداشتێکی پڕ لە کەموکوڕی یاسایی و پەیڕەویی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات و دواتر بە نووسراو ئەو هەموو هەڵەو کەم و کوڕییە بۆ پەرلەمان بگەڕێنرێتەوە، و والێکبدرێتەوە بەڕێزیان ئاگاداری دەقەکانی پەیڕەوی ناوخۆ نین، بۆیە هەرچی پێویست بێت لە پەرلەمان چاکدەکرێتەوە.
4/ لەجیاتی ئەم ئیستفزازەی خەڵک و تاوانبارکردن و پەلامار و چەواشەکاریە، باشترە بەڕێزیان جارێکی دیکە لە سیاقی پەیڕەوی ناوخۆدا یاداشتەکەی ئامادە بکاتەوە، بۆئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ئەرکە پەیڕەوییەکانی خۆی جێبەجێبکات.
#03-09-2020#