بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین / #هەولێر#، دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی قوربانیانی ڕووداوەکانی مین هەبووە و لە هەشت مانگی ڕابردوودا تەنیا دوو حاڵەتی مردن بەهۆی مین تۆمار کراوە.
رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین / هەولێر ڕایگەیاند: بەردەوام لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنییەکان هۆشیار دەکرێنەوە، کە خۆیان دوور بگرن لەو ناوچەو شوێنانەی مەترسیی بوونی مین و تەقەمەنیان هەیە، هەروەها بەپێی ئامارەکانمان ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی لە سنوورەکەمان ڕوو لە کەمبوونەوەن، واتە ئەمساڵ 2020 تەنها (2) ڕووداوی مین تۆمار کراون، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داوە.
گوتیشی: هۆکاری کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی لە ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا خەڵکانێکی زۆر بۆ گیا بەهارییەکان و گەشت و ڕوویان لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرد، لە کاتێکدا لە زۆر شوێن تا ئێستا مین و تەقەمەنیان لێی ماوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، خەڵکی کەمتر ڕوویان لەم ناوچانە کردووە، ئەوەش کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی مین.[1]