دەستپێشخەریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتیش بۆ کوردستان' ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی کۆچی دوایی دەیڤید گرابر بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە لە 2ی ئەیلولی 2020 دا هاوڕێ و دۆستی هێژامان دەیڤید گرابر لە ناکاو ژیانی لە دەستدا و ئێمە زۆر پێی نیگەران و خەمبار بووین. گیان لەدەستدانی بۆ ئێمە لە دەستدانێکی گەورە بوو. ئێمە خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەکەی و هەڤاڵەکانی دەزانین.
گرنگترین تایبەتمەندیی دەیڤید گرابر ئەوە بوو، کە بە شێوەیەکی جیاواز سەیری ژیانی دەکرد. بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانە کە بۆ ئێمە ئاسایی بوونەتەوە و گوێیان پێنادەین ئەو بە بەردەوامی بە بۆچوونێکی جیاوازەوە سەیری دەکردن و لێکدانەوەی بۆ دەکردن. خۆڵقکاربوونە بێهاوتاکانی وایدەکرد، کە هەم لە دیسیپلین دا جیاواز بێت و هەم لە هەموو کاتێکی جیاوازدا بەبێ دژواری و زەحمەتی کارەکانی بەڕێوەببات.
دەیڤید گرابر چ لە بزووتنەوەی 'وڵ ستریت داگیر بکەن' و چ بۆ شۆڕشی کوردستان بە تایبەتی ڕۆژئاوا، هەموو کات بە هەڵوێستێکی پێشبینیکراو و دووربینانەی شۆڕ شگێڕانەوە دەجوڵایەوە. هەر کات بندەستەکان دەستیان بە جموجوڵ و هەوڵ بکردایە و شتێکی نوێیان بئافراندایە، دەیڤید بە تیۆرییەکانی خۆی پشتگیریی لێدەکردن.
کاتێک ئەوەی دەکرد، هەندێکجار هەموو دونیا و هەندێکجاریش کۆمەڵگەی چەپ لە دژی دەوەستانەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ کورددا ئەوە بە باشی دەبینرا. دەیڤید 5 ساڵ لەوە پێش لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا کە بە گومانەوە لە شۆڕشی ڕۆژئاوا نزیک دەبوونەوە وتی 'نا، لەوێ شۆڕشێکی ڕاستەقینە ڕوودەدات'. فەلسەفەی سیاسیی عەبدوڵا ئۆجالانی شرۆڤە دەکرد و دەستیکرد بە دیالۆگی ناڕاستەوخۆ لەگەڵی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەیڤید گرابر هاوکارییەکی بەهێزی لە ناساندنی دونیای ئینتەلەکتویل (رۆشنبیرانی پێشەنگ)دا بە بزووتنەوەی ئازادیی کورد و لە ئاستی نێونەتەوەیی ئەنجامدا و ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، هاوکات بە شیکاری و شرۆڤە و ئانالیزەکانی بۆچوونەکانی ئەوانیشی بەهێز کرد.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ئەو لە ڕۆژئاوا و لە هەموو شوێنێکدا، کە ڕۆحی مرۆڤەکانی تیادا ئازاد بێت، بە بەردەوامی یادی دەکرێتەوە.[1]