گای گوی نەکات.
گا، نێریینەی گایەڵ وگاڕانە، هێمای هێزی جوتیار وڕەمزی ئابورییەکی باشی خاوەنەکەیەتی، بەتایبەت لە کۆندا(گاجووت) زۆر بەچاوی بایەخەوە سەیری دەکرا، دەوترا فڵانە ئاغا دوو جوت گاجووتی باشی هەیە، یان فڵانە دێ و ئاوایی دە جووت گای جوتیان هەبوو...تاد، دەرەبەگ و ئاغاکانی سەدەی ڕابردوو پیاوەکانیان دەنارد بۆ دزین و تاڵانکردنی گاجووتی ئاغاو دەرەبەگەکانی ڕکابەریان تا پەرپوتیان بکەن، وتراویشە(بەس خاوەنی گاجووت تێر نان دەخوات) چونکە گایەکان باش زەوییان دەکێڵا و بەرهەمی دانەوێڵەکە بەهۆی کێڵانی باشەوە زۆر باش دەهات و خاوەنکەی تێرنان دەبوو، ئینجا لێرەدا گای گوی نەکات وەک تووک و نزای خراپە وئێرەیی بووە بە ئیدیۆم، دەوترێت تاوەکو گایەکە بمرێت و بەمرداربوونەوەی گاکە خاوەن گایەکە هەژار دەکەوێت بۆیە بەتووکەوە دەوترێت(گای گوی نەکات)، بەبارێکیتر لەبەر گەورەیی گا و زۆر خۆری ڕیخێکی زۆر دەکات کە سودێکی باشی هەیە هەم بۆ سوتەمەنی هەمیش بۆ پەینی ئەندامی ئاژەڵی و خاک و ڕووەک کەڵکی لێ وەردەگرن، ئەگەر پێچەوانە بووایە لەجیاتی ڕیخ، گوی بکردایە ئەوا دونیای وێران دەکرد بۆیە وتراویشە یاخوا گا گوی نەکات.[1]