ە ڕاگەیەندراوێکدا لقی دهۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوا دەکات بەزووترین کات دەستگیرکراوانی بادینان ئازاد بکرێت، هەروەها ئاماژەی بە چەندین پێشێلکاریی هێزە ئەمنییەکانی دهۆک کردووە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و دەڵێن، کە چەندین کەسیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی نیازیان هەبووە لە خۆپیشانداندا بەشداریی بکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لەبارەی پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی شاری دهۆک بەرامبەر بە چالاکوانان و خۆپیشاندەران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داوادەکەین بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرەنگاربوونی ئەشکەنجەدان و هەردوو پەیمانامەی نێودەوڵەتی سیاسی و مەدەنی، بەدواداچوونی بۆ ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیە بکرێت، کە بەرامبەر بە دەستگیرکراون کراوە لە دهۆک، بەپێی یاسا یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان ئەوەیە خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف و خۆشگوزەرانی ئەنجامبدەن، دوور لە توندووتیژیی و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی، لەهەمان کاتیشدا دەبێت هێزە ئەمنیەکان گیانی خۆپێشاندەران بپارێزن و خۆیان بەدووربگرن لەبەکارهێنانی توندوتیژیی بەرامبەریان.
لەبەیاننامەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا داوای کردنەوەی ئۆفیسەکانی کەناڵی ئێن ئار تی کراوە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها هاتووە: لە 28ی مانگی ڕابردووەوە (45) هاوڵاتی و مامۆستا و چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراون و تەنانەت ژمارەیەک چالاکوان دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی نیازیان هەبووە بەشداریی لە خۆپێشاندانێکدا بکەن، کە تا ئیستاش ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستا ماونەتەوە هێشتا ئازادنەکراون.
لە کۆتایشدا هاتووە: داوادەکەین سەرجەم دەستگیرکراوان ئازادبکرێن و بەدواداچوون بۆ مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراواندا بکرێت و دەستەبەریی ئازادیی ڕادەڕبڕین و چالاکی مەدەنی بکرێت.
شایەنی باسە لەئیستادا لە شاری دهۆک، هەر یەکە لە چالاکوانان بەدەل بەرواری و ئۆمێد حاجی بەرۆشکی و دڵشاد گۆهەرزی و قارەمان شوکری زەینەدین دەستبەسەرن.[1]