حاجی عەلی باوکی #قادر حاجی عەلی# و هونەرمەند #حەمە جەزا# بووە، ئەم بنەماڵەیە لەبنەڕەتدا لەرۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە شاری #سلێمانی#، حاجی عەلی ساڵی 1906 لەدایکبووەو ساڵی 1989 کۆچی دواییکردووە. لەژیانیدا دوو ژنی هێناوە، ژنی یەکەمیان ناوی (فاتیمە) بووەو کوڕو کچێکی لێ هەبووە. ژنی دووەمیشیان ناوی (ئامینە) بووە کە دایکی حەمە جەزاو قادری حاجی عەلیە.
هەر بەهۆی پێشمەرگایەتی ئەم دوو کوڕەشیەوە ساڵی 1985 لەکاتێکدا پەکی کەوتبوو لەسەر جێگە کەوتبوو، ئەمنی سلێمانی خستبویانە ناو بەتانی و بە چوار دەستەکی بردبویان بۆ دائیرەی ئەمن و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ زیندانی دەکرێت.
حاجی عەلی بەگ کوردێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، یەکێک بوو لە پیاوە هەرە دەوڵەمەندەکانی شاری سلێمانی، لەساڵانی پەنجاکان و شەستەکاندا، لە ساڵی 1952 لە پشت باخی گشتی لە گەڕەکی عەقاری خانووییەکی تازە دروستدەکات و نیوەی خانوەکەی دەکات بە مزگەوت، بەناوی (مزگەوتی حاجی عەلی بەگ) و ئێستاش(2020) ماوە. یەکێک بوو لە پیاوە ناودارەکانی شار، پیاوێکی باوەڕدارو ڕەوشت بەرز بووە و ڕێزو قورسایی خۆی هەبووە، لەهەر شوێنێک دەربکەوتایە ژن و پیاو، گەورەو بچووک ڕێزیان لێ ئەنا. جگە لەوەش بازرگانێکی خێرخواز بووە و لێرەدا نمونەیەک ئەهێنینەوە: کاتێ لە مەنعە تەجەولی 9 حوزەیرانی ساڵی 1963 دا، کاتێ بەربوو، هەستیکرد خەڵک برسییە. چونکە خەڵکەکە دەچوون لە لادێیەکان کەپەکیان کۆدەکردەوە کە بۆ ئاژەڵ ئامادە دەکرا، ئەو کەپەکەیان دەکردە نان و دەیانخوارد، حاجی عەلی ڕایگەیاند کە دەرگای عەمبارەکەی واڵا بکرێت و ئارد دابەش بکرێت بە یەکسانی بەسەر خەڵکی شاری سلێمانی و دەوڵەمەندەکانی سلێمانی هانداو دەیوت: (ئیمڕۆ ڕۆژی هیمەتە، ڕۆژی پیاوەتییە، دەستی یارمەتی درێژ بکەن بۆ فەقیر و هەژاران)، هەروەها دەیوت: (ئیمڕۆ ڕۆژی بەهانا هاتن و دڵسۆزی نواندنە، با میللەتەکەمان نەمرێ لە برسانا و هاواری دەکرد: خەڵکی بەشەرەف وەرن ئەوەی من هەمە لە عەمبار و دوکانەکەم وەرن بیبەن)، هەموو ماڵێک بیست کیلۆ ئاردی پێدەدا، بێ ئەوەی هیچ کەسێک بێبەش و نائومێد بێت.
حاجی عەلی ئەو سەروەرییەی بۆ خۆی تۆمارکرد و نیعمەتی ئەو پیاوەتییەی خۆی بەخشی بە خەڵکی شاری سلێمانی و کوردستان.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان [1]