لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان، ئەوە چەند ڕۆژێکە لە هەردو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، زاڵمانە خەریکی گرتن و سەرکوتکردن و ڕشتنی خوێنی گەنجان و تەخوینکردنی خەڵکانی ناڕازین و هیچ ئومێدێک بۆ بەخۆدا چونەوەیان نیە.
(کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان) داوا لە کۆی هاوڵاتیانی کوردساتن دەکات، با هەموومان پێکەوە خاوندارێتی لە گەنجەکانمان بکەین و بە تەنها لە بەردەم ئاگری گولەی چەکدارەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکاندا بە جێیان نەهێڵین.
لەم سۆنگەیەوە بە ڕوون و ڕاشکاوی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی (ناتوندوتیژ)ی فراوان ڕادەگەیەنین، لە ڕۆژی هەینی 11ی 12ی 2020، کاتژمێر (1) ی پاش نێوەڕۆ، داوا لە ژنان، گەنجان، مامۆستایان، فەرمانبەران، کاسبکاران، خوێندکاران، ڕۆشنبیران دەکەین چالاکانە بەشداربن.
هەروەها داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەکەین وتارەکانیان تەرخان بکەن بۆ پیشاندانی زوڵم و ستەمی ئەم دەسەڵاتەو پشتیوانی خەڵکانی مەزڵوم و شانبەشانی نوێژخوێنان بەشداری خۆپیشاندانی شاروشارۆچکەکان بکەن.
داوا لە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و خەڵکی بە ویژدانی ناو دەسەڵاتیش دەکەین پشتیوانبن.
لەوەش دڵنیاتان دەکەین ئەگەر خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامی نەبێ، پلانی ترمان هەیەو هەنگاو بەهەنگاو ڕایدەگەیەنین، تا دەگەین بە ئامانجەکانمان. بێگومان بەشداری فراوان و پێکەوەبونمان زامنی سەرکەوتنمانە.
پێمان وایە لەم ساتە هەستیارەی گەلەکەماندا بەرپرسیارێتیەکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانی و ئینسانی لە ئەستۆی هەمومانە، بۆ وەستان لە دژی زوڵم و بێدادی ئەم دەسەڵاتە نابەرپرسە، بە بێ لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تایبەت.
هەروەها بە دەسەڵات دەڵێین: واز لە سەرکوتکردن و شەهیدکردنی گەنجەکانمان بهێنن و گەر هەر سورن لە سەر توندوتیژی، ئەوا وەرن هەڵگرانی پەیامی (ناتوندوتیژی) کۆمەڵکوژ بکەن.
بەردەم پارێزگای سلێمانی
کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان
10-12-2020