سوپاسنامە و پەیام...
هاونیشتیمانیانی ئازیز...
دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتییان، بەهێزی هەمەرو مودەڕەعەو چەکداری حیزبی و بەسەربازگەکردنی شاروشارۆچکەکان و شەهیدکردن و زیندانیکردنی دەیان چالاک و خۆپیشاندەر، بە پێویستی دەزانین باری سەرەنجی خۆمان ڕابگەیەنین:
یەک: زۆر سوپاسی خەمخۆریی هاوڵاتیان و ئازادیخوازان و سەرجەم ئەو کەس و لایەن و میدیایانە دەکەین، کە لە ناوخۆ و دەرەوە، بە هەر ڕێگا و شێوازێک پشتیوانییان کردین، هەواڵیان پرسیوین، پێزانینینی زۆرمان هەیە.
پشتیوانی لە یەکتر و پێکەوەیی خەڵکانی بەویژدان و ناڕازی لەم دەسەڵاتە، ڕێگا ڕاستەکەیە.
دوو: (لەم قۆناغە)دا باوەڕمان بە خەباتی ناتوندوتیژیی” هەیە و، خۆڕێکخستن و بەشداری فراوانی خەڵک، لە چالاکییە جەماوەرییە جۆراوجۆرەکان و کۆڵنەدان، تاکە مەرجی سەرکەوتنە.
سێ: وەکچۆن لە ڕابردوودا، دوا نەکەوتووین لە بەرگریکردن لە مافەکانی میللەتەکەمان، پێمان وابوو لەم قۆناغەشدا دیسان بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی و نیشتیمانیمان لەئەستۆدایە و نابێت هەر لە دوورەوە تەماشاکەری ڕوداوەکانبین و خەریکی قسەی بێ کرداربین.
ئەشێ خەڵکانێک هەبن ڕەخنە لە ئێمە بگرن و بۆچوونی جیاوازییان هەبێ و باوەڕیان بە خەبات، لە جۆری تر هەبێت، ئەوانەش ئازادن و با کاری خۆیان بکەن.
بێگومان پێشوازی لە هەر ڕەخنەو پێشنیازێکی بنیادنەر دەکەین.
چوار: هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە، کە ڕەمزی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و سەرکوتکەرە؛ پێکهێنانی حکومەتێک لە خەڵکی شارەزا و سەربەخۆ، تاکە داواکاریمانە.
پێنج: سازش لە سەر ئامانجەکانمان ناکەین و هیچ هێز و گوشارێک ناتوانێت ڕێگاکانی خەباتمان بە ڕوودا دابخات، پاش ڕاوێژو تەکبیرمان لەگەڵ هاوڕێیانماندا، لە ناوخۆو و دەرەوە، لە سەر هەنگاوەکانمان سوور و بەردەوام دەبین.
کۆنگرەی دەنگە ناڕازیەکان