لە نزیک گوندی #باعەدرێ# کۆمەڵێ ئەشکەوتی مێژووی هەن کە بە زاراوەی #دهۆک#ی ناوسک یان پێدەگوترێ.
ئەم کۆمەڵە ئەشکەوتە بە دەست و ئامێرە کۆنەکانی ئەو سەردەمە دروست کراون و پێکهاتووە لە پێنج ئەشکەوتی قەبارە بچووک کە دووانیان تەنیا ئەشکەوتێکی سادەیە لە ناو دڵی کەندەکەیە و شوێنەواری داگیرساندنی ئاگریان پێوە دیارە کە ڕەنگە بۆ کاروباری ئایینی بەکار هاتبن، بەڵام سێ دانەکەی دیکە، لە زەویی ئەشکەوتەکە شوێنێک هەڵکەندراوە کە لە ڕووی ڕووبەرەوە لەوانەیە بگاتە مەترێک بە نیو مەتر و لە سەرووتری ئەم چاڵە شوێنێکی بچوک بە شێوازی بازنەیی و چوارگۆشە درووستکراوە کە شوێنەواری ئاگر و ڕەشی پێوە دیارە، هەروەها لە بەشی ڕاستی چاڵەکان شوێنێک وەک سەکۆیەک درووستکراوە.
شوێنەوارناسان لەبارەی بە کارهێنان و هۆکاری دروستکردنی ئەم جۆرە ئەشکەوتانە دوو بۆچوون دەخەنە بەر باس:-
بۆچونی یەکەم پێمان دەڵێت: بە هۆکاری لێکچوونی ئەندازەیی و شێوازی دروستکردنی ئەم ئەشکەوتانە کە زۆر بە گۆڕ دەخمەی سەردەمی زەردەشتییەکان دەچێت، دەتوانیین بڵێن کە ئەم کۆمەڵە گۆڕە بۆ ناشتنی مردوو بەکارهاتووە و ئەمە ڕێوەڕەسمێکی تایبەت بە ئایینی زەردەشتییە کە بە پەرەسەندنی ئایینی زەردەشتی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، نموونەی زۆر و بە قەبارەی جیاواز، لێ دروست کراوە.
بۆچوونی دووەم ئەوەیە کە دەڵێت: ناوسک وشەیەکی کوردی کە لە لای کریستیانەکان قلیسە یان قەلایەی پێدەڵێن کە بە واتای ژوورێکی بچووک دێت تایبەت بە کاروباری ئایینی و پەرەستش بە کار هاتووە کە لە سەردەمە کۆنەکان ڕاهێب و کەسانی ئایینی مەسیحی ئەم شوێنانەیان بە کار دەهێنا بۆ کاروباری ئایینی و هۆکاری هەڵبژاردنی شوێنی وا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دوور بن لە قەرەباڵغی خەڵک.
زۆرینەی نموونەکانی ئەم جۆرە ناوسکانە بۆ نزیکەی سەدەکانی دووەم و سێیەم و چوارەمی زایین دەگەرێتەوە، واتا ئەو کاتەی کە بڕوادارانی مەسیحی لە ژێر ستەم و زۆرداری ساسانییەکان بوون.هەر لە درێژەی دژایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ساسانییەکان لەگەڵ ئایینی مەسیحی، کە لە سەرچاوەکان دا هاتووە کە ئەوان بۆ زیاتر بێڕێزی کردن و شکاندنی شکۆی ئایینی مەسیحی ئەم جۆرە ئەشکەوتەکانیان بۆ ڕاگرتنی مەڕوماڵات بە کار دەهێنا.
کۆمەڵێک لە شوێنەوارناسان لەو بڕوایەدان کە وشەی ناوسک وشەیەکی سۆمەرییە بەڵام مەرج نییە ئەم بۆچوونە ڕاست بێت، ناوسک لە زمانی ڕۆمانی و کەنعانی و میسری بە واتای گۆڕ یان قەبر دێت.
شوێنی جوگرافی ئەم کۆمەڵە شوێنەوارە دەکەوێتە نزیکی گوندی باعەدرێ کە گوندێکی ئێزدینشینە لە نزیک شارەدێی شێخان، سەر بە پارێزگای دهۆک.[1]