مامۆستای شوێنەوارناس محەمەد عارف تاتار، پسپۆر لە زمانە کۆنەکان، لە بەشی شوێنەواری زانکۆی مووسڵ، کە هاوکات ئەندامیشە لە تیمی شوێنەوارناسی زانکۆی ئۆدۆنی ئیتالی، کە کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواریی لە دەڤەری بادینان دەکات، لەبارەی تەمەنی ئەم شوێنەوارەوە وتی: “پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە بڵێن، کە ئەم شوێنە شوێنەوارییە، واتا خانا ئێزی، بۆ دیاریکردنی مێژوو و تەمەنەکەی ناکۆکیی زۆری لەسەرە و تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستیمان بۆ سەلماندن و دیارکردنی ڕاستییەکان دەست نەکەوتووە، بۆیە دەبێ ئەوە بڵێین، کە بەپێی تێپەڕینی کات و سەردەمە مێژووییەکان، زۆر شارستانییەت و دەسەڵاتدار لەم ناوچەیە حوکمیان کردووە، عوسمانییش یەکێک بووە لەو دەسەڵاتانە، بەڵام ئەوە هۆکار نابێت بۆ ئەوەی بڵێین، کە ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە لە خودی پەرەستگەی لالش، چەندین بەڵگە و نیشانە هەیە، کە تێپەڕینی سەردەمە مێژووییەکان پیشان دەدات”.
بە گوتەی محەمەد عارف: “پسپۆڕانی شارەزا لە بەشی زانکۆی مووسڵ، بەتایبەت دکتۆر عەبدولناسر ئەلدەباغ، هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە سۆمەرییەکان لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوونە و پاشماوە و شوێنەواری زۆریان بەجێ هێشتووە و ئەگەری هەیە مێژووی شوێنەواری خانا ئێزی بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان بگەڕێتەوە”.
هەروەها تیمێکی چیکی، کە ئێستا سەرقاڵی کارکردنن لەسەر شوێنەواری نەبی ناحووم، سەردانی شوێنەواری خانا ئێزییان کرد و بەپێی چەند کارێکی توێژینەوەیی، پێیان وابوو، کە ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، کە بە تێپەڕینی کات و ئەو شەڕ و ئاژاوانەی لەو دەڤەرە ڕوویان داوە، ئەم شوێنەوارە چەندین جار ڕووخاوە و دووبارە و سەرلەنوێ نۆژەن کراوەتەوە، بۆیە شێوازەکەی ئێستای وا نوێ و تازەیە.
ئەو زیاتر زانیاریمان لەسەر ناوی ئێزی و سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی سۆمەری دەداتێ و دەڵێ: “ناوی ئێزی لە سەردەمی سۆمەرییەکان بە (E-ze) یان (E-EZ-ZO-U) هاتووە، کە بە زمانی سۆمەری، واتای شوێنی پشوو و حەوانەوە دێت، کەواتە شوێنێک بووە بۆ مانەوە و حەوانەوەی ئەو ڕێبوارانەی سەردانی دەڤەری بادینان، بەتایبەت لالشیان بۆ بۆنە ئایینییەکان کردووە”.
شوێنەوارناس محەمەد عارف دەڵێ: “بۆ زیاتر زانین لەسەر مێژووی ئەم شوێنەوارە و دەرخستنی ڕاستییەکان لەسەر تەمەنی، پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی و شوێنەواری زیاتر هەیە، کە پسپۆڕانە کاری لەسەر بکرێت”.
بەڵام د. زێدان برادۆستی، کە پلەی زانستی پڕۆفیسۆری هەیە لە بواری شوێنەوار و چەندین ساڵ بە تیۆری و پراکتیکی لە بواری شوێنەوار کاری کردووە و پسپۆڕە لە شوێنەواری ئیسلامی، لەسەر ئەو بۆچوونەیە، کە تەمەنی ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە.
ئەو کە توێژینەوەیەکی زانستی-مەیدانی لەسەر ئەم شوێنەوارەی ئەنجام داوە، لەناو توێژینەوەکەی وا باس لە خانا ئێزی و مێژووەکەی دەکات و دەڵێ: “ئێمە هیچ دەقێک یان نووسینێکمان لەسەر مێژووی درووستبوون و ئاوەدانکردنی ئەم خانە نییە، یان بەڵگەکان بەقەدەر ئەوە نین، کە بتوانین مێژووی درووستکردنی دیار بکەین، بەڵام لەگەڵ بەراوردکردنی ئەم بینایە لەگەڵ بیناسازیی عوسمانییەکان، دەتوانین بڵێین، مێژووەکەی بۆ سەدەی شازدە یان حەڤدەی زایینی دەگەڕێتەوە و ئەم خانە لەناو ئێراق لە زۆربەی خانەکان کۆنترە، هەروەها هاوشێوەی ئەم خانە لە حەلەب دەبینرێت، بە ناوی (خان الشونە) ، کە ئەویش بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە”.
بێجگە لەم دوو بۆچوونە، ئێمە هەوڵمان دا بۆچوونی خاتوو (بیرگول ئەچک یڵدز) ، کە تێزی دکتۆرای لەسەر شوێنەواری خانا ئێزی نووسیووە، وەربگرین. ئەو کە خەڵکی باکووری کوردستانن و خوێندنی دکتۆرای لە بەشی شوێنەواری زانکۆی سۆربوونی فەڕەنسی تەواوکردووە، هاوڕایە لەسەر ئەوەی، کە بۆ دیاریکردنی تەمەنی ئەم شوێنەوارە، بەڵگە و سەرچاوەی نووسراو و باوەڕپێکراومان زۆر کەمە و ئەم شوێنەوارە پێویستی بە کاری هەڵکۆڵین و توێژینەوەی زانستییە.
لە نامەی دکتۆراکەی، بیرگول تەمەنی ئەم شوێنەوارە بۆ نزیکەی کۆتاییەکانی سەدەی سێزدەی زایینی مەزەندە دەکات.[1]