شوێنەواری خانا ئێزی، دەکەوێتە نزیک پەرستگەی لالش بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک. ئەم باڵەخانە مێژووییە پێکهاتووە لە سێ بەش، بەشی یەکەمی، تەلارێکە پێش بەجێهێشتنی بە ڕێڕەوێک دەگەیتە هۆڵەکە.
ئەم هۆڵە بە شێوازی یەک پارچە درووست کراوە و لە ناوەندی باڵەخانەکەدا چەندین ستوون هەن بۆ ڕاگرتنی میچەکەی، کە بە شێوازی گۆمبەزی بەرز درووست کراوە. ستوونەکان، کە لە تاشە بەردی گەورە درووست کراون و لە بەشی سەرەوەی بە زیادکردنی بەردی بچووک، دیزاینێکی ئەندازەیی جوانی بەخۆیەوە گرتووە.
بەشی دووەمی شوێنەوارەکە پێکهاتووە لە دوو ژووری بچووکتر. لە یەکێک لە ژوورەکان ڕێگایەکی سەرەکی بۆچوونە ژوورەوە بۆ ناو باڵەخانەکە هەیە، بەڵام بەشێک لە دیوار و میچەکەی ڕووخاوە و لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە پارچە ئاسن و دار ڕاگیراوە، بەڵام ئەگەری ڕووخان و تێکچوونی زۆرە.
لە پشت ئەم بەشە، ڕێڕەوێک هەیە، کە بەشێکە بۆ گەیشتن بە هۆڵە سەرەکییەکە، کە ئەمیش بەهۆی ڕووداوە سرووشتییەکانەوە، بەشێک لە دیوارەکەی ڕووخاوە.
لەناو بەشە سەرەکییەکەی، کە هۆڵێکی گەورەیە، بۆ گەیاندنی ڕووناکی بۆ ناوەوەی بیناکە سوودیان لە درووستکردنی پەنجەرە بە شێوازی چوارگۆشە وەرگرتووە، کە ئەویش بە شێوازی چوارگۆشە دانانی بەردەکان و درووستکردنی بۆشایی لەناو دیوارەکان درووست بووە، لە هەر دیوارێک نزیکەی دوو تا سێ پەنجەرە هەیە.
بە گوتەی شوێنەوارناسان و بەڵگە مێژووییەکان، تەمەنی ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، واتا نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و شوێنێک بووە کە لە سەرەتا وەک پەرستگەیەکی ئایینی بەکار هاتووە، بەڵام دواتر بۆ میوانداریکردنی بڕوادارانی ئایینیی ئێزدی، کە لە شوێنە جیاوازەکانەوە، بەتایبەت لە هیندستانەوە بۆ لالش، لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی جەژنی جەمای دەهاتن، درووست کراوە. باسێکیش هەیە دەڵێ: ئەم شوێنەوارە دواتر وەک مەڵبەندێکی ئایینی بۆ ڕاستکردنەوەی تێکستە ئایینییەکان بەکار هاتووە.
خەڵکی بەتەمەن و پیاوە ئایینییەکانی ئێزدی پێیان وایە، کە خانا ئێزی یەکێکە لە دەگمەنترین شوێنەوارەکانی ئێزدییەکان، کە وەک خۆی ماوە و دەستکاری نەکراوە.
ئەم شوێنەوارە دەگمەن و دێرینە، ئێستا وەک شوێنی ڕاگرتنی مەڕ و ماڵات بەکار دێت و ئەمە ئەگەری ڕووخان و تێکچوونی زیاتر دەکات، گرنگییەکەی وا دەخوازێت کە لایەنە پەیوەندارەکان بایەخی زیاتری پێبدەن.