هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، ژنان بە تێکۆشانی خۆیان دەتوانن کۆتایی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بێنن، دەشڵێن: تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان، هاوکات تێکۆشانە بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕۆژی 8ی مارس لە ژنانی جیهان پیرۆز دەکات و ئەو ژنانەی کە لە تێکۆشان دژی سیستمی دەسەڵاتداریی پیاوسالاریدا شەهید بوون بە ڕێزەوە بەبیر دێنێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: 8ی مارس ئەو ڕۆژەیە کە زستانی دەسەڵاتی پیاوسالاری تێدەپەڕێت و بەهاری ئازادیخوازی سەرهەڵدەدات، تێکۆشانی ئازادی ژنان هاوکات تێکۆشانی ئازادیی تەواوی مرۆڤایەتییە، پیاوانیش ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت ئازاد ببن و بە شێوەیەکی دیموکراتی بژین، دەبێت ببنە بەشێک لە ئەم تێکۆشانە و ئازادی ژن بناغەی ئازادی ئەوانیشە.
هەروەها هاتووە: ڕێبەر ئاپۆ، لە دژی سیستمی پیاوسالاری، کەسایەتی پیاوی لە خۆیدا کوشتووە و بە شیکردنەوەی ئەو شکان و کۆیلایەتییەی کە بەسەر ژناندا هاتووە، جارێکی دیکە ژنانی سەرلەنوێ هێنایەوە سەرپێ و ڕێگەی لە بەردەمیان بۆ پێشەنگایەتیکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی کردەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە “هەر سیستەم و فکرێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی کە ئازادی ژن وەکوو بناغەیەکی سەرەکی کاری خۆی نەگرێتە دەست، ئەوا بە ناچاری ڕووبەڕووی تێکچوون و هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە، ژنان دەبێت ساڵی 2021 بکەنە ساڵی بەهێزترکردنی تێکۆشانی خۆیان و سیستمی دەسەڵاتداری پیاو بهێننە لەرزە و هەڵیبوەشێننەوە”.
ئەوەش هاتووە: تورکیا بەهۆی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە، گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی کۆنەپەرستی، لە 8ی مارسی ئەمساڵدا تێکۆشانی ژنانی کورد، تورک، عەرەب، چەرکەز، موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و عەلەوی دەتوانێت دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هەڵبوەشێنێتەوە و ببێتە هیوای ڕزگاری بۆ تەواوی مرۆڤاتی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەختی کردووەتەوە، کە بەرخۆدانی گارە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی زۆیاتر لە جاران لاواز کردووە و هەستانەوەی ژنان لە 8ی مارسی ئەمساڵ لە کوردستان، تورکیا و جیهان لەگەڵ خۆیدا ژیانێکی دیموکرات و ئازاد بۆ مرۆڤایەتی بەدی دێنێت.[1]
#05-03-2021#