روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
هاوڵاتیانی کوردستان، پەروەردەکاران، میدیاکاران و مامۆستایانی بەڕێز.
بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێک لەسەر من دوای بەشداریکردنم لە بەرنامەی 100 پرس کە بەرنامەیەکی تەواو تەرفیهییە لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت.
لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (کە ستایلی بەرنامەکە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەکردن لە کاتی تاقیکردنەوە کرا، بەڵام بە شێوەکی فراوان، ڕەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دوور لە هەر بەهایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی کەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستکراوە بە ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیمان.
لە کاتێکدا بە ڕوونی ڕایدەگەیەنم کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و هەرگیز بەهانەی بۆ ناهێنمەوە بە تایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاهێنەرانەی کە سەدان و هەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاهیدی دایک و باوکیان.
هەر بۆیە زیاتر لە جارێک بەشداریان بە منداڵەکانیان کردۆتەوە لە خول و چالاکییەکانماندا.
ئەمە جگە لەوەی سەدان سیمینار و چالاکیمان ئەنجامداوە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و شا ڕێگای ڕاستی زانست و زانیاری و هەوڵ و کۆششدانمان بۆ ئامادەبووان خستۆتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەش هێشتا خۆمان بە قوتابی دەزانین و لە هەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەکردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای ڕێگەداین بۆیە بەردەوام لە کۆرس و خولی فێرکاری بەشدار دەبین.
لە کۆتاییدا جگە لەوەی دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز بانگەشە بۆ هیچ جۆرە کارێکی ساختە و نا دروست ناکەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێرکردن کە خۆمان لە کایەکەداین هەم وەک قوتابی، هەم وەک پەروەردەکار، دڵنیایی دەدەین کە بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان و درێژە بە کاروانی پەروەردەیی دەدەین و کوالیتی باشتر و خزمەتی زیاتر بە بەشداربووانمان دەکەین و لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوەستین.
لەگەڵ ڕێزدا..
ئاشنا فەلاح
#28-02-2021#