ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە يادی پەنجا و يەک ساڵەی ڕێککەوتنی يازدەی ئاداری 1970 دەکەينەوە کە بەرهەمی شۆڕشی مەزنی ئەيلوول و تێکۆشانی بێوچان و موکوڕی و ئيرادەی بەرزی گەلی کوردستان بوو بە ڕابەرايەتيی بارزانيی نەمر. لەم يادەدا سڵاو و دروود بۆ گيانی پاکی شەهيدانی کوردستان دەنێرين کە لەپێناو ئازاديی گەل و وڵاتدا گيانيان بەخشی.
ڕێککەوتنی يازدەی ئادار يەکەم بەڵگەنامەی فەرمی بوو لە مێژوو ی هاوچەر خی گەلی کوردستاندا کە حکوومەتی عێراقی ناچار کرد لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆميدا هەندێک لە مافەکانی بناسێنێت. هەر چەندە حکوومەتی عێراق دواتر لەسەر بنەمای لۆژيکی هێز لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز بووەوە، بەڵام وەک هەميشە ئيرادەی گەلی کوردستان بۆ گەيشتن بە مافەکانی لە زەبر و زەنگ و هێزی چەک بەهێزتر بوو، تا دواجار هەر ئه و ڕێککەوتنە بووە بنەمای دەسکەوتی گەورەتر لە ڕاپەڕين و فيدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان.
لۆژيکی هێز و پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی يازدەی ئادار، لە بەردەواميی شەڕ و هێنانی ماڵوێرانی و کارەساتی زياتر بۆ عێراق، هيچی ديکەی لێنەکەوتەوە، بۆيە با لەم يادەدا هەموومان لە عێراق پەند و وانە لە مێژوو و هەڵەکانی ڕابردوو وەرگرين و پابەندی دەستوور و هاوبەشی و هاريکاريی نێوانمان بين، تا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەين و ئارامی و سەقامگيری و پێشکەوتن و داهاتوويەکی باشتر بۆ وڵات و هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر بکەين.
ڕێککەوتنی يازدەی ئادار وەک چۆن بەرهەمی يەکگرتوويی و تەبايی و يەکڕيزی و شۆڕشێکی سەرتاسەريی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بوو، با يادکردنەوەيشی بکەينە هاندەری تەبايی و يەکڕيزی و پێکەوەکارکردن و هاريکاريی نێوان تەواوی لايەن و پێکهاتەکان لەپێناو پاراستنی دەسکەوتەکان و چەسپاندنی سيستمی فيدراڵی و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورييەکانی گەلی کوردستاندا.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#11-03-2021#