روونکردنەوەیەک لە نوسینگەی هەڤاڵ قادر عزیز
ئێوارەی ڕۆژی (3/2/2021) لەکاتێکدا (ئالان)ی کوری هەڤاڵ قادر عزیز بۆ ماڵەوە دەگەرێتەوە لە شەقامی سالم لەلایەن ئەفسەرێکی لیوای پاراستنی #سلێمانی# و حیمایەکانی بەبێ هیچ پاساوێک تەنگاو دەکرێت، ئەفسەرەکە خۆی بە دەمانچە هەرەشەی لێدەکات و هەرچی جنێو و سوکایەتی هەیە پێی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا (ئالان) هەرچۆنێک بێت خۆی لە دەستیان ڕزگار دەکات، بەڵام دیسان هەر بە سەیارەکەیان بە چەکەوە چەند کەسێک بەدوای دەکەون و دەیانەوێ هەرچۆنێک بێت لە ئۆتۆمبێلەکەی دایبەزێنن و ئەزیەتی پێ بگەیەنن، دیسان خۆی لێیان ڕزگار دەکاتەوە بەپەلە بۆ ماڵەوە دەگەرێتەوە لەماڵەوەش لە کاردانەوەدا بەرامبەر ئەوەی لەگەڵی کراوە بەبێ ئاگاداری باوکی مەفرەزەیەک لە حیمایەکانی ماڵەوە لەگەڵ خۆیدا دەبات و لە بەردەرگای ماڵەکەیان لەگەڵ ئەفسەرەکەدا دەستەویەخە دەبێت و لە وەڵامی تەقەی ئەفسەرەکە و حیمایەکانی شەرە تەقەیەک دروست دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ ناکەوێتەوە.
بە سوپاسەوە هەر لە دوای ڕووداوەکە بەرێزان بەرپرسی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی هاتنە سەرخەت بە زوویی کێشەکەیان کۆنترۆڵکرد. دوای هێلکاری ڕووداوەکەش دەرکەوت ئه و هاوڵاتیەش بە چەکی ئەفسەرەکە خۆی بریندار بووە و چەکەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە. بەداخەوە هەندێ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن یەک لایەنە لێدوانیان لە ئەفسەرەکە وەرگرتووە لە ڕێگەی تەنها زەقکردنەوەی ئەنجامی ڕووداوەکە بەبێ گەرانەوە بۆ هۆکارەکەی وەک هەمیشە ڕووداوەکەیان بە سیاسی کردووە. ئەمە لەکاتێکدا سەبەبکار و دەسپێشخەری ڕووداوەکە خودی ئەفسەر و حیمایەکانی بوون. ئێمە بەناوی هەڤاڵ قادر عزیز داوای لێبوردن لە سەرجەم هەڤاڵان و دۆستان و خەڵکی بەشەرەفی شاری سلێمانی خۆشەویست دەکەین کە به و ڕووداوە نیگەرانن و دڵتەنگمان کردوون. ئەوانەی لە نزیکەوە هەڤاڵ قادر عزیز دەناسن و دەزانن کە بەدرێژایی ئه و هەموو ساڵە بەتایبەتیش ئەوماوە دوورودرێژەی لە شاری سلێمانی ژیاوە نەخۆی نە بنەماڵەکەی نە هەڤاڵەکانی بۆ تەنها جارێکیش کێشەیان لەگەڵ کەسدا نەبوووە و ناویان لە ڕاگەیاندنەکاندا نەهاتوە.
لێرەدا زۆر سوپاسی خەمخۆری بەرێزان هاوسەرۆکان دەکەین کە هەر لە ساتی ڕووداوەکە هاتنە سەر خەت و ئێستاش بە شەخسی خۆیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن هەروەک لێرەدا سوپاسی هەموو ئه و هەڤاڵ و دۆست و خۆشەویستانە دەکەین کە خەمخۆرانە له و ماوەیەدا سەردانی هەڤاڵ قادر عزیزیان کردوە یا بەتەلەفۆن هەڵوێستی خۆیان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانیەک پێراگەیاندووە.
لە کۆتایدا ڕایدەگەیەنین ئەوەی ڕوویدا ڕووداوێکی نەخوازراو بووە و لە دەرەوەی ویستی ئێمە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئه و ئەفسەرەش هەڤاڵێکی یەکێتیە و بە برای خۆمانی دەزانین، ئامادەین کێشەکەش بە ئاشتی و برایانە لەرێگەی یاساوە چارەسەر بکەین.
.
تێبینی: ئەمە یەکەم ڕوونکردنەوەیە لەسەر ڕووداوەکە کە لە نوسینگەی هەڤاڵ قادر عزیز دەردەچێ، ڕوونکردنەوەکەی پێشتر هیچ پەیوەنی بە ئێمەوە نەبووە.
.
نوسینگەی تایبەتی هەڤاڵ قادر عزیز
کارگێری مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
5/2/2021
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!