لە درێژەی شاڵاوی دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی سێ شەممە مستەفا ئیلخانی زادە، نووسەر، شاعیر، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ناوەندی کولتووری و فێرکاریی ئەدەب لە #بۆکان# لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا.
بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، ، لە 18 ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر لە 90 چالاکوانی کورد دەستگیر کراون کە 9 کەسیان ژنن.
ڕۆژی سێ شەممە 26 ژانوییەی2021 هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر ئۆفیسی کار و ماڵی مستەفا نیلخانی زادە، نووسەر و شاعیر و مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ناوەندی کولتووری و فێرکاریی ئەدەب لە بۆکان و دەستگیریان کردووە و هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی مستەفا ئیلخانی زادە، ماڵەکەی و شوێنی کارەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆب و کەلوپەلە تایبەتەکانیشیدا گرتووە.
مستەفا ئیلخانی زادە، تەمەن 75 ساڵ و نووسەری ناسراوی کوردە ساڵی 1945 لە بۆکان لەدایک بووە. نووسەر، زمانەوانەو چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەی زمانی کوردی و وەرگێڕان و نووسیندا چالاکە و چەندین کتێبی لە بواری زمانی کوردی و وێژەی منداڵاندا چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
- بە کوردی و فارسی، تورکی لە بواری وەرگێڕان و ئەدەبی منداڵاندا، کتێبی چاپکراوی هەیە.
- بەڕێوەبەری دامەزراوەی فەرهەنگی و بارهێنانی وێژەیی لەشاری بۆکانە.
- ئەندامی ئەنجوومەنی نووسەرانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانە کە ناوەندەکەی لە شاری تارانە.
-لەلایەن زانکۆی کۆیەوە ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.
-ساڵی 2014 لەلایەن بونیادی زانست و تەکنیکی ئێرانەوە پلەی دکتۆرای زمانی کوردی پێ بەخشرا.
- زیاتر لە چل کتێبی چاپکراوی هەیە.
- هەندێک لە کتێبەکانی بۆ منداڵان بە زمانی فارسی:
- مجموعه قصەهای کودکان
- سه شیاد بدبخت
- چاره (مجموعەی چهار داستان از کردستان)
- انشا و نامەنگاری یاران (برای دورەی ابتدایی)
- چەند کتێبێکی بە زمانی کوردی بۆ منداڵان :
- شازادە چکۆلە
- سەندرێللا
- بێچووە مراویی ناشیرین
- جرجه مشک
- خەڵات
- ئەولا دەشت و ئەولا دەشت.
کانوونی نووسەرانی کوردستان، دەستبەسەرکرانی کاک مستەفا ئیلخانیزادە نووسەری ناسراوی ڕۆژهەڵات بە تووندی مەحکوم و داوا دەکا بە زووترین کات ئازاد بکرێ و لە هەمان کات دا
شاڵاوی دەستبەسەرکرانی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژەپێدانی سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانین و داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەین لەم پەیوەندییەدا هەڵوێستیان هەبێ.
کانوونی نووسەرانی کوردستان
27 ژانوییەی 2021