هاونیشتمانیانی خۆشەویست
خەڵکی خەباتکاری کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەکان
یادی 2ی ڕێبەندان، ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانتان پیرۆز بێت. ئەمساڵ 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە 2ی ڕێبەندانی ساڵی 1324ی هەتاوی لەشاری #مەهاباد# دامەزرا و پێشەوا قازی محەمەد وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان سوێندی یاسایی خوارد.
کۆماری کوردستان لە دەرەنجامی بەرهەمی خەباتێکی مێژویی و پڕ لە قوربانی و بەرخۆدانی گەلی کورد و قواستنەوەی بەربەرەکانێی و ململانێی نێوان زلهێزەکان لە سەردەمی شەری دووهەمی جیهانی دروست بوو. لەکەش و هەوای ئەو ساڵانەدا کە جیهان تووشی شەڕێکی گەورە بوو زۆر نەتەوە لە جیهاندا هەوڵی ئەوەیاندا لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دەربچن، لە ئێرانیش کە دەوڵەت هیچ دەسەڵاتێکی نەمابوو، نەتەوەکانی ئەو وڵاتە کەڵکیان لەو بارودۆخە وەرگرت و کەوتنە هەوڵادان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان. گەلی کوردیش کە ساڵانێکی زۆر لە ژێر ستەمی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراندا بوو لەو دەرفەتە مێژووییەدا توانی ئەزمونێکی زێڕین بۆ خۆی تۆمار بکات. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەمەد، بە ئامانجی نەمانی ژێر دەستەیی و بەدیهێنانی ڕزگاری و سەربەستی، لە 2ی ڕێبەندانی ساڵی 1324 – 22ی ژانویەی 1946 دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند.
کۆماری کوردستان ئامانجەکانی خۆی ڕاگەیاند کە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێکرا کە بریتی بوون لە کوردستانیبوون و شوناسخوازیی کورد بە باوەڕهەبوونی بە دێموکراسی بوو. کۆماری کوردستان ئەگەرچی تەمەنی کەم بوو و 11 مانگ ژیا، بەڵام کارنامەیەکی درەوشاوە لە خزمەتکردنی خەڵک و سیاسەت و ڕوانگەی کۆمار بۆ دەسەڵات و داهاتووی وڵات هیندە پڕ و پڕبایەخە کە ئێستاش بە هیوای دووبارە بنیاتنانەوە و وەدیهێنانەوەی کیانێکی سیاسیی لەو چەشنە بین. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی و ئیداری لەو کۆمارە ساوایەدا، بۆ هەر دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە سەردەمی ئێستاشدا، دەتوانێ جێگای لێ فێربوون بێ. ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی و ئایینی و پێکەوەژیانیان لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لە یەکتر، باوەڕ بە ئازادیی بیرورادەربڕین، گرینگیدان بە بووژاندنەوەی کولتور و هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی، خوێندنی بە خۆڕایی، هاندانی کچان بۆ خوێندن و بە ڕەسمی ناسین و جیبەجێکردنی خوێندن بە زمانی دایک نەک هەر بۆ مندالانی کورد بەڵکوو بۆ کەمایەتییە زمانییەکانی دیکە، بڕەوپێدانی گیانی وێکهەڵکردن لە نێوان دانیشتوانی شار و گوند و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان و بە هێزکردنی کولتووری پاڵوێکدان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پێشوازی و باوەشکردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە و بوار ڕەخساندن بۆ خزمەتکردنیان بەو کۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی میللیی ئازەربایجان و ئازەرییەکان و پێشنیاری هاوکاری و هاوپەیمانەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بە نرخەکانی ئەو دەسەڵاتە کوردییەن. ئەم کۆمارە بە هەڵکردن و ڕەسمیەتدان بە ئالای کوردستان و داهێنانی سروودی نەتەوەیی و چەمکی پێشمەرگە، کۆمەڵێک بۆشایی لە گیان و هزری نەتەوەیی و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا پڕ کردەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە چاوی بایەخەوە لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان و ئەم واقعە گرینگە مێژووییە دەڕوانێ و پێی وایە کە پێویستە بێ لەبەرچاوگرتنی سنوورە فیکری و سیاسییەکان و بێ سەرنجدان بە جیاوازییە ئایینی، زاراوەیی و جۆغرافییەکان، لە دەوری فەلسەفەی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی کۆ ببینەوە. خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە کە لە سەرخاکی خۆیان و لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و فیدراڵدا، مافی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. ڕوون و ئاشکراشە کە باوەڕ بەو مافە هەموو لایەکمان ئەرکدار دەکا گیانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندی لە نێوخۆماندا چ وەک تاکەکانی کۆمەڵ و چ وەک هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەر چی زیاتر بەهێزتر بکەین.
ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی 2ی ڕێبەندان دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی، لەئاستی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیەکان و ناوخۆی ئێرانش توشی قەیران بووەتەوە. ئەم ڕژیمە بەهەموو تەمەنی نگریسی خۆی دوژمنی هەموو گەلانی ئێران لەوانە گەلی کورد بووە و بە سیاسەتی سەرکوت و کوشتار هەوڵی بێدەنگ کردنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانیانی داوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکانێکی زۆر بە هۆی سیاسەتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامییەوە گیراون وراپیچی زیندان کراون و لە هەمانکاتیشدا لە ڕاگەیەنە ڕەسمییەکانی خۆیدا بە هەموو شێوازێکی بەردەست هەوڵی داوە سوکایەتی بە هێما و ڕەمزەکانی نەتەوەکان یەک لەوان نەتەوەی کورد بکات.
ئەزمونی کۆماری کوردستان پێمان دەڵێت کە تەنیا بە هاوپشتی و یەکبوون مافەکانی گەلی کورد دەستبەر دەبێت و یەکگرتوویی تاکە ڕێگای ڕزگاربوونمانە و بە گرتنەبەری هەڵویستی شۆرشگێڕانەو دەربڕینی هەستی نەتەوەیی لەم ڕۆژەدا سومبول و دەسکەوتە نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان بەرز بنرخێنن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
2ی ڕێبەندانی 1399 – 21ی ژانویەی 2021