بە ئامانجی لێکنزیکردنەوەی میدیاکارانی کوردستان، شرۆڤەکردنی دۆخی و میدیای کوردی و ڕۆڵی ئەو میدیایە لە کایە جۆراوجۆرەکانی ئاسایشی نیشتمانی کوردستاندا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕۆژی شەمە 16.01.2021 کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی بە ناونیشانی ڕۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان، بۆ میدیاکارانی کوردستان ڕێکخست. ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکار و مامۆستایان و شارەزایانی بواری میدیا و خەمخۆرانی میدیای کوردی تیایدا بەشداربوون. ئێمە خوازیاربووین ئەم کۆنفرانسە لە ساڵۆنێکدا و ڕووبەروو بەرێوەببەین، لە ڕاستیشدا لە مێژ بوو بڕیارێکی لەو چەشنە هەبوو. لێ مخابن بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دواکەوت. بۆئەوەی لەوە زیاتر دوانەکەوێت، بڕیاردرا بە شێوازی ئۆنلاین کۆنفرانس بکەین.
سەرەتای کۆنفرانس بە خولەکێک بێدەنگی بۆ بەبیرهێنانەوە ی هەموو ئەو میدیاکارانەی لە پێناو وشەی ئازاد و دەنگی ئازاد و نیشتمانێکی ئازاددا گیانیان بەخشی، دەستی پێکرد. دوای ئەوە لە چوار تەوەری کۆنفرانسدا میدیاکاران باسیان لە دۆخی میدیا لە پارچەکانی کوردستاندا، ڕۆڵی میدیا لە بەرجەستەکردنی دۆزی کوردستاندا، ڕۆڵی میدیا لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا، دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کرد.
بەشدارانی کۆنفرانس بە گەرمی بەشداری وتووێژەکان بوون و بە تێبینی و سەرنجەکانیان کۆنفرانسەکەیان دەولەمەنتر کرد. لە ئەنجامی باس و گفتۆگاندا ئەم ڕاسپاردەو داواکارییە سەرەکییانەی خوارەوە خرانە ڕوو.
1. هەوڵ بۆ درووستکردنی پلاتفۆڕێک، سەکۆیەک یان تۆڕێکی میدیایی کوردستانی بدرێت کە میدیاکاران بتوانن سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن. هەمانکات لە سەرپرسە هاوبەشەکانی کوردستان پێکەوە کاربکەن.
2. ناوەندێکی توێژینەوەی ڕاگەیاندن درووستبکرێت. کە کار لەسەر ئەرکی میدیا و بوارو کەنەاڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندن بکات.
3. میدیای سەربەخۆ پشتگیریی بکرێت و بەهێزبکرێت. بۆئەوەی بتوانێ لە ئاستی دنیادا دۆزی کوردستان فراوانتر بەرجەستە بکات. هەروەها بتوانێ لەسەر پرسە ناوخۆییەکان ئازادانە کار بکات.
4. پێویستە کاری ڕۆژنامەوانی پیشەیی و بابەتی بێت، ڕۆژنامەوان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئیتیک و پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی پەیڕەو بکەن.
5. سەدان میدیاکاری کورد لە زیندانەکانی تورکیادان. هەروەها لە ئێرانیش بەردەوام ڕۆژنامەوانان دەستگیرئەکرێن. کۆنفراس ئیدانەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان ئەکات. داوائەکات بە زووترین کات ئازاد بکرێن.
6. لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵیشیدا، بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان، گرتن و زەبروزەنگ و ئاستەنگی زۆر بەرامبەر میدیاکاران بەکاردێت، کۆنفراس داوائەکات کۆتایی بە هەموو ئەو ڕەفتارانە دژی ڕۆژنامەوانان بهێنرێت و ئەو میدیاکارانەی دەستگییر کراون ئازاد بکرێن.
7. بۆ ئەوەی میدیاکاران بابەتیانەو زانستیانە پرس و ڕووداوەکان ڕووماڵ بکەن، پێویستە، دەسەڵات و دەزگاکانی بەڕیوەبردن زانیاری پێوست بخەنە بەردەستیان.
8. میدیاکارانی کورد زیاتر تیشک بخەنە سەر ئەو شوێن و کایانەی هێرشی زیاتریان لەسەرە. ئەگەر هێرشی سەربازی و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی بێت، یان هێرش بێت بۆسەر ماف و ئازادیی و داواکارییەکانی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بێتبێت.
9. لاسایی نەکردنەوەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، ئەرکێکی گرنگی میدیاکارانی کورستان بێت.
10. لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا، پێویستە زمانی ڕاگەیاندن دووربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژە و گوتاری پیاوسالاری.
11. هەوڵبدرێت بەپێی پێویست زمان و دەستەواژەی هاوبەش بۆ ڕووداو لێکەوتەکانی بەکاربهێنرێت. هەروەها پێویستە زمانی ڕۆژنەموانی دووربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەژادپەرستیی.
12. هەوڵبدرێت بەلای کەمەوە سالانە کۆنفرانسێکی میدیاکان لەم چەشنە بکرێت.
13. بۆئەوەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناتەواو و جیاوازەوە کێشە ناوخۆییەکان پەرەنەستێنن، لایەنە کوردستانییەکان لە تەنگژەو ناکۆکیەکاندا ڕاوێژ لەگەڵ میدیاکاران بکەن.
14. یاسا بەرکارەکانی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن و هەموارکردنەوەیان بۆ ئەنجامنەدرێت، هاوکات ڕێگری بکرێت لەهەر یاسایەکی نوێی ڕۆژنامەوانی و تایبەت بە سۆشیال میدیا کە پرەنسیپەکانی ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ پێشێل ئەکات.
15. دەزگاکانی ڕاگەیندن ببنە هۆکاری لێکنزیک کردنەوەی کوردانی پارچەکان و هەوڵبدەن ئەو جیاکارییەی هەیە هەوڵبدەن نەیانهێڵن. هەروەها دووربن لەوەی بکەونە ناو پڕۆژەی وڵاتانی دەوروبەر و هێزە دەرەکییەکان.
16. پێویستە ڕاگەیاندکاران لە بەرەی ئاشتی و دیالۆگدا بن و نەبنە بەشێک لە شەڕی لایەنەکان.
کۆنفرانسی ڕۆڵی میدیکاران لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا