شێخ موسای خەڵکی #عەفرین# یەکێک لە دامەزرێنەرانی مانگی سووری کوردستان لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گیانی لە دەستدا.
شێخ موسا تەمەن 67 ساڵ مانگێک لەوە پێش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و بەو هۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو. لە چەند ڕۆژی ڕابردودا باری تەندروستیی خراپ بوو و دوێنێ ژیانی لە دەستدا.
شێخ موسا لە ناو گەلی کورددا بە تایبەتی خەڵکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا کەسێکی دیار و ناسراو بوو. کەسێکی زەحمەتکێش بوو و 27 ساڵ بە ڕەنجدان و کاری بەردەوام بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان بوو.
شێخ موسا پێشەنگایەتیی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کەمپەینەکانی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان کردووە.
لە هەر شوێنێکی کوردستاندا کارەساتێکی سروشتی، یان بەهۆی گوشار و زۆرداریی داگیرکەرانەوە لە شارێکی کوردستان دۆخێکی نەخوازراو و تەنگانە ڕووی بدایە، مانگی سووری کوردستان بە پێشەنگایەتیی شێخ موسا دەستی هاوکاریی دەگەیاندە ئەو ناوچانە.
لەو چوارچێوەیەشدا چەندینجار سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان، #قامیشلۆ#، ناوچەی شەهبا وناوچەکانی #قەندیل# لە باشووری کوردستان کرد و هاوکاریی گەیاندە خەڵکی ئەو ناوچانە، کە بەهۆی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکەوە زیانیان پێگەیشتبوو.
هەروەها مانگی سووری کوردستان هاوکاریی گەیاندە خەڵکی بومەلەرزە لێدراوی #کرماشان# و سەرپێڵ و ئەزگڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2017دا.
شێخ موسا بە ڕەنجی بێ وێنەی خۆی بەبێ ڕاوەستان، بە کارە خێرخوازییەکانی دەناسرایەوە.[1]