بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، بەشێک لەتاوانەکان کەمی کردووه و هەندێکی بەراورد بەساڵی پێشوو لێک نزیکبوون، بەڵام ئەوانەی دووبارە تاوان ئەنجامدەدەنەوە کەمبووەتەوە.
کارزان ئەمیر غەفووری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی 2020ی ڕووداوەکانی کوشتن، خۆکوشتن، دزییکردنی لەپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاگەیاند.
کۆتایی هەموو ساڵێک بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس ئامارەکانی ساڵانەی کارکردنیان بڵاودەکەنەوه و بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی هەرێم ئەمساڵ (257) ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن ئەنجامدراون، بەڵام ساڵی ڕابردوو (260) ڕووداو هەبووە.
هەروەها ئەمساڵ سێ هەزارو (298) تاوانی دزیکردن هەبوون، بەڵام ساڵی ڕابردوو چوار هەزار و (322) تاوانی دزیکردن تۆمارکراون.
شوان سابر، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان ڕایگەیاند لەسەدا 73%ی گرتووخانەکان قەرەباڵغییەکی تیادایە، کە لەهەندێک شوێن دەگاتە حەوت هێندەی توانای خۆی، 90%ی ئه و شوێنانەی کە بۆ چاکسازیی یان بەندینخانە بەکاردێت لەبنەڕەتدا بۆ زیندان دروستنەکراوە، بەڵکو باڵەخانەیەکی ئاسایی یان سەربازگەیەک بووە(.
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیی و کۆمەڵایەتی سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت:) دووبارە ئەنجامدانەوەی تاوان لەهەموو دنیادا هەیە، بەڵام لەهەرێمی کوردستان ڕێژەکە کەمە لەنێوان لەسەدا 4% بۆ 5٪دایە(.
ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی وتی:) ئه و قسەیەی شوان سابر بەرپرسی تۆڕی دادوەری بۆ بەندییەکان باسیکرد ڕاستە، بەڵام ڕێژەییه و دووبارە ئەنجامدانەوەی تاوان لەهەموو دنیادا هەیە، بەڵام لەهەرێمی کوردستان ڕێژەکە کەمە لەنێوان 4٪ بۆ 5٪دایە، کەدووبارە زیندانییەکان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوە بگەڕێنەوە ناو بەندیخانەکان).
هەروەها وتیشی:) زۆرترین ئه و تاوانانەی کەدووبارە ئەنجامدەدرێنەوە بەپلەی یەکەم ئه و کەسانەن ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، دواتر تاوانی دزیکردن و کوشتن، بەڵام ڕێژەکە زۆر کەمە(.
تووێژەرێکی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەدات کە بەپێی ئه و ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم بێت (کەرەنتینە کردن کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر هەڵکشان و دابەزینی ڕێژەی تاوانەکان).
#چۆمان# ئەحمەد، تووێژەرێکی کۆمەڵایەتی بە هاوڵاتی وت:)هیچ مرۆڤێک لە لەدایکبوونییەوە مرۆڤێکی تاوانبار نییە، بەڵکو ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەرده و ئەزموونەکانی لەژیاندا کە لەقۆناغەکانی تەمەندا کەپێیدا تێپەڕبووە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ببێتە مرۆڤێکی تاوانبار).
هەروەها پێشیوابوو هەندێک لەمرۆڤەکان لەسەر کاری تاوانکاری ڕادێن و دووبارەی دەکەنەوە دەبێتە بەشێک لەکەسایەتییان، ) ئەگەر لەناو چاکسازییەکانیشدا بن هەر کەدێنە دەرەوە دووبارە دەستپێدەکانەوە، لەبەر ئەوەی لەڕووی کەسێتییەوە لەسەری ڕاهاتوون).
هاوکات، ئەوەی دووپاتکردەوە کەدادگاکان و چاکسازییەکان وەک پێویست چاکسازی لەکەسێتی مرۆڤەکاندا ناکەن و نایانکەنەوە بەمرۆڤێکی ئاسایی و ئیش لەسەر کەسایەتی و هەڵسوکەوتیان ناکەن.
ئێستا نزیکەی پێنج هەزار زیندانی لەچاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان هەن، کە زۆرترینیان لە#هەولێر#ن، دواتریش #دهۆک# و #سلێمانی# لەپلەی سێیەمدایە، لەگەڵ ئەوەی شوێنی هەر چاکسازییەک بۆ (800) تا (900) کەس دروستکراوە، بەڵام نزیکەی دوو هەزار زیندانی تێدایە، کە ڕێژەکە زۆر زۆرەو ئەوەش کێشەیەکی دیکەی گەورەیە لەچاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان.[1]