ڕاگەیاندنێک بۆ گەلی کوردستان
کوردستانیانی خۆشەویست،
لای هەمووان ئاشکرایە کە وڵات و گەلی کوردستان بە قۆناغێکی پڕ لە مەترسی و ئاڵۆزدا تێدەپەڕن. دوژمنانی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیلانی ترسناکتر دادەڕێژن بۆ لە نێوبردنی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە نیو سەدەی ڕابردوودا بەدەستی هێناون. مخابن ئاڵۆزی و ناکۆکی سیاسی لە نێوان پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستاندا بارودۆخەکەی ئەوەندەی تر مەترسیدارتر ناسەقامگیر کردووە، بەمەش پێگەی کورد لاواز کردووە و زیانی گەورەی گەیاندووە بە تواناکانی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانانە. ئەم بارودۆخە لە لایەکەوە و دڵەڕاوکێ سەبارەت داهاتووی نادیاری کوردستان لە لایەکی ترەوە، بوونەتە هۆی ئەوەی جۆرێک لە بێ هێوایی باڵی کێشاوە بە سەر بەشێکی گەورەی خەڵکدا لە هەموو بەشەکانی کوردستان. هەڵبەتە لە بەرامبەردا ڕوحی بەرگری و درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا، لە ئاستێکی باڵادایە و خەڵک دەستبەرداری خەون و هیواکانیان نابن بە دواڕۆژێکی ئازاد و ژیانێکی شەرافەتمەند.
وەک ئاگادارن لە ڕۆژی 21/11/ 2020 لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و یەکێتی پەڕلەمەنتارانی کوردستانەوە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بە ناوی (کۆنفرانسی پێشخستنی دیاڵۆگی نێوخۆیی) ڕێکخرا و بەپێی بڕێارەکانی ئەو کۆنفرانسە کۆمیتەیەک بە ناوی (کۆمیتەی دیاڵۆگی ناوخۆیی) پێکهێنرا. لەم بارودۆخە هەستیاردا (کۆمیتەی دیاڵۆگی نێوخۆیی)، لە سەر ئاستی باڵا پەیوەندی بە لایەنە ناکۆکەکانەوە کرد و پەیامی دیاڵۆگ و ئاشتی بۆ بەڕێ کردن و دیداری لە گەڵیاندا ئەنجامدا. کۆمیتەی دیاڵۆگی ناوخۆیی لە سەر هەوڵەکانی خۆی بۆ ئاشتی و دیاڵۆگ بەردەوام دەبێ. ئەم هەنگاوانە بۆ ڕەخساندنی کەش و هەوای دیاڵۆگێکی نێوخۆیی نێشتمانی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا بە کارێکی زۆر پێویست دەزانین. ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم هەوڵانە هێوا بەخشن، هەرچەندە ئاڵۆزییەکان سەختن و دابڕانەکان کێشەی قووڵیان دروست کردووە، ئەمەش وا دەکات پرۆسەیەکە دوور و درێژ بێ و هەوڵ و تەقەلاکان بێ وچان بن و پشتیوانی هەموو لایەکیان دەوێ بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجێکی ئەرێنی. ئەنجامی کۆتایی ئەم هەوڵانە دەبێ نەک هەر نەهێشتنی ئاڵۆزی و ناکۆکی لە نێوان ئەم هێزانەدا بێنێتە دی، بەڵکو بتوانن پێکەوە هەڵبکەن، یەکدی قەبووڵ بکەن و ڕێز لە جیاوازییەکان بگرن. بەمەش دەتوانن متمانە لە نێوان خۆیاندا بونیاد بنێن و زیان بە یەکدی نەگەیەنن و بەرژەوەندی یەکتر لە بەرچاو بگرن. لەو بارەدا دەکرێ لە بری ترس و نیگەرانی لە بەیەکدادان و ئاڵۆزی، بیر لە جۆرێک لە هەماهەنگی و دەستنیشان کردنی هێڵی سوورە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەکەنەوە و دۆستانی و دوژمنانی گەلەکەمان و مافەکانی بە دروستی دەستنیشان بکەن.
گەلی ستەمدیدەی کوردستانی،
ئەم هەوڵانە بێ پشتگیری ئێوە ناگەنە ئەمانج و ئەنجامە ئەرێنییەکان، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک، هەر کەس لە لای خۆیەوە بە گوتار و هەڵس و کەوتی ڕۆژانەی ئەم هەوڵە دڵسۆزانە سەربخەن. با هەموو پێکەوە کەش و هەوای ئاشتی بئافرێنین، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان پەرەپێبدەین، لە دژی چاندنی تۆوی ڕق و کینە بوەستینەوە، با ڕێگە نەدەین ئاڵۆزی و ناکۆکی سیاسی نێوان پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان ببنە هۆی لە دەستدانی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان، کە بە قوربانی و فیداکاری زۆر گەورە بە دەستی هێناون.
لەم ڕۆژانەدا گەلی کوردستان پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکات، جەژنی هیوا، ئاشتی و هەڵهاتنی خۆری ئازادی، هیوادارین پارتە سیاسییەکانی کوردستان ئەم چەژنە بکەنە دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی کەش و هەوای دیاڵۆگێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و بە هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا، دڵی گەلی کوردستان خۆش بکەن و ساڵی داهاتووی کوردی بکەن بە ساڵی ئاشتی و پێکەوە ژیان و خەبات لە پێناوی مافە ڕەواکانی گەلی چەوساوەی کوردستان.
کۆمیتەی دیاڵۆگی نێوخۆیی
#13-03-2021#