بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیدراوێک لە فراکسیۆنی کۆمەڵەوە
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی 29 ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات.
دوایین هەوڵی سەرۆکی حکومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان کاک (سۆران عومەر سەعید).
ئەمەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە.
ئەرکی بەڕێزیان و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیەکی نەماوە !
ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت !
ئێمە وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هەڵوێستی فراکسیۆنەکان و کەسایەتی و جەماوەری کوردستان, ڕایگشتییش لەم پێشهاتە خەتەرناکە ئاگاداردەکەینەوە، داواش لە هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکەین ڕێگەنەدەن ئەم هەوڵە سەربگرێت کە دواجار پەرلەمانی کوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەکاتە دەزگایەکی بندەستی حکومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی !
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
4 ی ئایاری 2020
هەولێر