ئیسماعیل قائانی ساڵێک لە قاسمی سولەیمانی گەورەترە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت ئێمە خەبات لە پێناوی خودا و خەڵکی چەوساوەو کۆماریی ئیسلامیدا کردوینەتە برا، ئێمە نە ناوچەو نەزمان و نەهیچ شتێک لەیەکمان ناکاتەوە، تا کاتی کوشتنی قاسمی سولەیمانی لە لایەن سوپای ئەمەریکاوە ئەو جێگری بووە، ئەو هەمیشە پشتیوانی سولەیمانی بووە لە ناردنە دەرەوی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا و لەو بارەیەوە گوتویەتی: ئێمە بۆ بەرگریکردن لە موسڵمانانی وڵاتە ئیسلامیەکان چووین، ئامانجمان بەرگری کردنە لێیان و کارو ئەرکی خۆمان جێەبەجێ دەکەین کە فەرمانی خودایە.
هەر لەو کاتەوەی کە چاوی میدیاکان چووەتە سەر بەرپرسانی سوپای قودس، بە جۆرەها شێوەی شرۆڤەیان بۆ کراوە، ژیانی ئەو جۆرە کەسانەی کە بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرن دەبنە جێگەی قسەو باسی میدیاکان، لە ماویەکیی ئێجگار کەمدا خامنەئی بڕیاریدا کە ئیسماعیلی قائانی ببێتە سەر لەشکری سوپای قودس، ئەم سەرکرە سەربازیی و ئەمنییانە کێن؟ میکانیزمی دیاریکردنیان چۆنە؟ئەوان چۆن ڕەفتاردەکەن و ڕەوشی نائارامی ناوچەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەوان چۆن ئەو سوپا نهێنی و ترسناکە لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان بەڕێوە دەبەن؟ ئەوانەی کە هاوکارییان دەکەن کێن و لە چی پێناوێکدا ئەو کارە دەکەن؟
ئیسماعیل قائانی ساڵی 1957 لە ناوچەی بونجوردی پارێزکای خۆراسان لە دایک بووە، ساڵی 1980 چووەتە ڕیزی سوپای پاسداران و پاش ماوەیەک بەمەبەستی بینینی خولی تایبەت ڕەوانەی تاران کراوە. کە بووەتە ئەنلەسەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا بەرپرسیارێتی لە ناو سوپادا وەرگرتووە، یەکەمجار بوەتە فەرماندەی لەشکری 5 نەسر و دواتریش بوەتە فەرماندەی لەشکری 21 ئیمام ڕەزا، دوای تەواوبوونی جەنگی عێراق و ئێران دەکرێت بە وانەبێژی سەربازیی لە یەکێک لە سەربازگەکانی پارێزگای خۆراسان، ماوەیەکیش سەرپەرشتی خولەکانی سوپای بینیوە لە ناوچەی سەعد ئابادی تاران. لەسەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی لە کوردستان کردووەو ڕۆڵی هەبووە لە کپکردنەوەی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان. سایتی -تابناک- ە تایبەت یە سوپای پاسداران نوسیویەتی: لەکاتی ڕوداوەکانی کوردستان لە ساڵی 1359 بۆ بەرەنگاربوونەوەی یاساشکێنەکان چووە ناوچەکەو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کپکردنەوەیاندا. لەو ڕوداوانەدا کە بە فەتواو فەرمانی تایبەتی خومەینی ڕوویاندا و لە هەموو لایەکەوە پەلاماری شارە کوردستانیەکانیاندا سەدان کەس بە دیارچاوی خەڵکەوە گوللەبران کران.
دوا بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران1979، دەوڵەتێکی کاتی بە ڕێبەریی خومەینی و پەیڕەوی شۆڕای شۆڕشی ئێران هاتە کایەوە- شۆڕایەک، کە تێیدا مەلاکان ڕۆڵی سەرەکییان دەبینی. ئەندامانی شۆڕا، و تا ڕادەیەکیش دەوڵەتی کاتی، لەوە تووڕە بوون، کە وەک بەشەکانی دیکەی ئێران، لە کوردستانیش ئەوان لەبیری ئامادەسازیدا بوون بۆ گۆڕینی بارودۆخ لە ناوچەکه، بەڵام بیریی نەتەوەیی کوردەکان ڕێگربوون لەوەی کە ئەو جۆرە شۆڕشە بە بێ حساب کردن بۆ کورد لەناوچەکەدا جێگەی ببێتەوەو بەرەنگاریی هەموو هەنگاوێکی ئەوان بوونەوە، . هەر ئه و ڕاستییە، بوو بە هۆکاری هەڵایسانی شەڕێک، کە لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی 1357 (سەرەتای1980) و سەرەتاکانی ساڵی 1358 (1980) دا شاری سنەی خستە ناو ئاگر و خوێنەوە و کۆژراو و زەره ڕو زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.
لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە لیژنەیەک نێردرایە سنە، کە پێکهاتبوو لە تاڵەقانی، بەهەشتی، ڕەفسەنجانی و بەنی سەدر؛ هاوکات، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی کاتییش هاوڕێ لەگەڵ گوتەبێژی جەمعییەتی کوردانی مەرکەز و دوو کەسایەتی کوردی دانیشتووی تاران چوون بۆ سنە و ووت وێژێکی جددییان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ بەڕێوەبرد. بە هۆی ڕاوەستانی نوێنەرانی گەلەوە، بەڕێوەبردنی شار کەوتە دەست شۆڕای هەڵبژێرراوی خەڵک و بەم شێوەیە هێمنایەتی باڵی بە سەر شاری سنەدا کێشایەوە. دەسەڵاتدارانی تاران، ئەم بارودۆخەیان پێ قەبووڵ نەدەکرا لە بەر ئەوەی تا ئەودەم ئیتر لە هەموو ئێراندا لە لایەک حیزبوڵڵا گەڕەک و کۆڵانەکانی قۆرغ کردبوو و هیچ حزب و ڕێکخراوەیەک دەرەتانی خۆپیشاندانی تەنانەت لە ڕادەیەکی بەربەستکراویشدا نەبوو، لە لایەکی دیکەشەوە خومەینی بە هۆی هێنانە گۆڕێی “وحدت کلمە”وە، لە ڕاستیدا دەرگای دەربڕینی هەر چەشنە بیروبۆچوونێکی داخستبوو و بە ڕاشکاوی دەیگوت “ئەگەر سی ملیۆن کەس بڵێن بەڵێ، من دەڵێم نا”. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا بوو، کە خومەینی و هاودەستەکانی سەرەتایان بۆ هێرشێکی گەورەی سوپایی بۆ سەر کوردستان ئامادە کرد و چاوەڕێی بیانوویەک بوون بۆ ئەوەی پیلانی خۆیان بەڕێوەبەرن.
سەرئەنجام، ئامادەسازیی سەرەتاییان پێکهێنا و خومەینی لە ڕۆژی 28ی گەلاوێژی 1358دا (19-8-1980) بە شێوەی فەرمی “جیهادی دژ بە کوردستانی ڕاگەیاند”. ناوبراو داوای لە هەموو خەڵکێکی موسوڵمان (لایەنگرانی ویلایەتی فەقیه) کرد ئەرکی شەرعی خۆیان- واتە هێرشکردنە سەر کوردستان و هەڵکەندنی “ئەساسی کفر و ئیلحاد”، بەجێ بهێنن. ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا هێزەکانی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆل، گوندو شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی. خاڵخاڵی لە بیرەوەریەکانیشیدا نووسیویەتی هیچ پەشیمان نییە لە سزای لەسێدارەدانانەی بەسەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوونی. دەشڵێت “هێشتا کەمە”.
سەرکردەکانی سوپای پاسداران زۆر بوون، بەڵام وەک سایتی تابناک باسی دەکات ئیسماعیل قائانی یەکێک بووە لەو سەرکردانەی ڕوویان لە کوردستان کردووە و قەتڵ و عامی خەڵکیان کردووە، ئەو سایتەی سوپای پاسداران نوسیویەتی قائانی وۆر بە باشی ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە.
دواجار قائانی لەناو ڕیزەکانی سوپای پاسداران دا بەردەوام دەبێت تا ساڵی 1997 دەبێتە جێگری سوپای قودس، بەمەبەستی سەرپەرشتی کردنی کارەکانی سوپای پاسداران لە ئەفغانستان و پاکستان ڕۆڵی هەبووە، بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ناوو ناونیشانی خۆی گۆڕیوە هەندێکجار وەک دیبلۆماتکارو جێگری سەفیری ئێران لە کابوول خۆی ناساندووە، لە سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریادا لەگەڵ قاسمی سولەیمانی چووەتە سوریاو وەک ڕاوێژکاریی سەربازی کاری کردووە، بەشێک لە کارەکانی دروستکردنی گروپی چەکداریی شێوە میلشیایی بووە، ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە پەیوەندیەکانی نێوان سوپای ئەسەدو ئێران، ئەو کار ئاساتی کردووە بۆ سەردانی بەشار ئەسەد بۆ ئێران. قائانی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە دروستکردنی گروپی فاتیمەیەکاندا کە لەکوشتاری نهێنی سوریادا ناوبانگیان هەبووە.
لە ڕاپۆرتێکدا سوپای ئەمەریکادا کە لە 2012 بڵاوکراوەتەوە بە –پیاوی پۆڵایین- ناوی هاتووە، لەو ڕاپۆرتەی ئەمەریکیەکاندا باس لەوە کراوە کە قائانی هاوشێوەی قاسمی سولەیمانی شارەزایی باشی هەیە لە شەڕی ژێربەژێریی و چالاکی نەدیتراودا، کاتێک ناوبانگی بە تەواوی دەرکەوت کە لە کاتێکی زۆر کەمی دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی بەبڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەئی کرایە سەرلەشکری سوپای قودس، چاودێران باس لەوە دەکەن جگە لەوەی دانانی ئەو پۆستە لە دەسەڵاتی خامنەییدایە، بەڵام خێرایی دانانەکەی پەیوەندی بەڕابوردوویەوە هەیەو دڵنیایە لە گوێڕایەڵی بۆ خودی ڕابەر، لە هەمان کاتیشدا بەردەوام دژایەتی ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا دەکات لە ناوچەکەدا.
سوپای قودس کەبەشی دەرەوەی سنوورەکانی سوپای پاسدارانە و لەم وڵاتانەدا ڕۆڵیان هەبووە لەوانەش پارێزگاریکردن و پەرەپێدانی تواناکانی حزب الله لوبنان، بۆسنەوهەرسک، لە عێراق دروستکردنی حەشدی شەعبی و میلشیا شێعەکان و لەو ڕێگەیەوە دەستیان لە کاروباری دەوڵەت وەرداوە، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسی، پشتیوانی کردنی ڕاستەوخۆ لە حوسیەکانی یەمەن و دروستکردنی دوژمنایەتی لەگەڵ سعودیەکان، لە ئەفغانستان پشتیوانی کردن لە گروپە شێعەیەکان و هەندێک گروپی تری چەکدار، لە فەڵەستین پشتیوانی کردن لە حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت. بەرپرسانی ئەو دەزگایە ناویان نەزانراوەو بەشێوەیەکی زۆر نهێنی کارەکانیان دەکەن، وەک دەگوترێت ئەوان دروشمێکیان هەیە کە پێی دەڵین (یەک سەرکردەو یەک دۆسیەو یەک بڕیار)، بەڵام بە پێی جۆری کارەکان و چۆنیەتی کاری لە پێشینەی ئەو سوپایە میدیاکان هەریەک لە ئیرەجی مەسجیدی کە سەفیری ئێران بووە لە بەغداد و ئەحمەدی یەبووری کە ئێستە بوەتە جێگریی فەرماندەی سوپای قودس و عەلی شیرازی نوێنەری وەلی فەقیه لە قوم و حەسەنی دانایی فەڕ و کازمی قومی سەفیرانی پێشووی ئێران لە عێراق و محمد جلال مئاب بەرپرسی نۆژەنکردنەوەو پێڕاگەشتنی شوێنە پیرۆزەکانی شێعە و حەسەن پلارک ڕاوێژکاری تایبەتی سوپای قودس لەو بەرپرسە باڵایانە بن کە سوپای قودس بەڕێوە دەبن و ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێریی عەلی خامنەییدان.
سەر ئەنجام لەدوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی و هاوڕێکانی لە ڕۆژی هەینی #03-01-2020# کوژرا، ڕێبەری ئێران بە خێرایی ئیسماعیل قائانی خستە شوێنەکەی و هەموو دەسەڵاتەکانی ئەو سەرکردە گەورەیەی سوپای پاسدارانی پێبەخشییەوە، لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە قائانی چی پێدەکرێت لەبەرامبەر سوپای ئەمەریکادا، ئاخۆ خوێنی بەرپرسەکەی و هاوڕێ خۆشەویستەکەی وەردەگرێتەوە و دەیکات بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خۆی یان ئەوەیە ئەوەش دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووەکەیدا و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی سیاسی و لە بەردەم پێشکەوتنەکانیدا دەوەستێت؟
پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەوەی قاسمی سولەیمانی بۆ ئێران کردی و ترسی لە هیچ شتێک نەبوو لەسەردەمی ئیسماعیلی قائانیدا پاشەکشە دەکات یان هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە، شانسی ئەویش بەرپرسیارتیەکەی کەوتۆتە کاتێکی هەستیاری نێو دەوڵەتی و چاوی هەموو دونیا لەسەر خوێنی قاسمی سولەیمانیە.[1]