#بەختیار عەلی#
بەشێک لە وتاری (#هەڵەبجە# و چەند سەرەنجێک لە ماناکانی قودرەت و سەرکەوتن لای بەعس) لە کتێبی (خوێنەری کوشندە) دا.
بەعس لە هەناوی ناسیونالیزمی عەرەبییەوە هاتۆتەدەرێ، ناسیونالیزمی عەرەبیش بەوجۆرەی ئەمڕۆ هەیە، لە هەناوی مێژووی عەرەبییەوە هاتووە، مێژووییەک لە دوای کۆتایی دەوڵەتی عەباسییەوە پڕە لە شکستی گەورە گەورە. بەعس لە سەرهەڵدانییەوە لەسەر ئەو مێژووی شکستە کاردەکات. پرۆژەی بەعس وەک پڕۆژەی نازییەکان لەسەر ئەو لۆژیکە بونیادنراوە، لۆژیکی گۆڕینی نوشست بە سەرکەوتن، هەرەس بە هەستانەوە، مردن بە زیندووبوونەوە، خودی ناوی بەعسیش لە خواستی زیندووکردنەوەوە هاتووە. نازییەکانیش دوای شکستی ئەڵەمان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، خۆیان لەسەر هەمان لۆژیک بونیادنایەوە، لۆژیکی ڕزگارکردنی ئەڵەمان لە ئیرسی شکست، گۆڕینی ژێرکەوتن بە سەرکەوتن. سەرکەوتن لە عورفی بەعسدا لە مانا ڕەمزییە دێرینەکەی دەچێتەدەرێ و دەبێتە خواستێکی سادیستییانە، خواستێکی شەڕانگێز. بەعس لە لۆژیکی خۆیدا دەیەوێت نوشستی بەردەوامی عەرەب بکاتە سەرکەوتنی بەردەوام، سەرکەوتنیش لە عورفی بەعسدا مانایەکی مۆدێرنی نییە، بەڵکو تەواو گرێدراوی ئەو پاشخانە خێڵەکییەیە کە بەعس لەسەری ڕاوەستاوە، سەرکەوتن لێرەدا (سەرکەوتنێکی شارستانیی) نییە، سەرکەوتن نییە لە تازەکردنەوەی کۆمەڵگادا، سەرکەوتن نییە لە بەرەو پێشبردنی باری ژیان و بەهێزکردنی ئابووریدا، بەڵکو سەرکەوتنە بە مانا خێڵەکییەکەی، سەرکەوتنە بە مانای شکاندنی هێزی ئەوی تر، گرتنیان وەک (سەبایا) و ئەنفالکردنیان. سەرکەوتن لەلای بەعس سەرکەوتنە لە مانا سەربازییە شەڕانگێزییەکەیدا. واتە چەمکی سەرکەوتن لای ئەم ڕژێمە لە چەمکی جەنگ جیانابێتەوە، لێرەوە پرۆسەی گەڕان بەدوای سەرکەوتنی هەمیشەیی و بەردەوامدا بەردی بناغەی سیاسەتی بەعسە. زاراوەگەلی لە بابەت (مسیرة الانتصارات) (القائد المنتصر) (المنصور باذن اللە). زاراوەگەلی سەرەکی ناو فەرهەنگی ڕۆژانەی بەعسن. لە دوای خۆماڵیکردنی نەوتەوە، بەعس ئەو وێنەیەی لا دروستدەبێت، ئەو هێزێکە بەردەوام سەردەکەوێت. هێزێکە شکستی ناناسێت و نەدۆڕە. وەک چۆن لە ساتێک لە ساتەکاندا نازییەکان خەیاڵی ئەوەیان لا دروستدەبێت، هێزێکن ناشکێن و تووشی هیستیریای سەرکەوتن دەبن، بەعسییەکانیش لە دوای شکستی شۆڕشی کوردەوە ساڵی 1975 تووشی هەمان هیستیریا دەبن، خۆیان وەک هێزێک دەبینن، کە شکست ناخۆن، هێزێک دەتوانن بەردەوام لە سەرکەوتنەوە بۆ سەرکەوتن بڕۆن. بەعس ناتوانێت بە مانا ڕەمزییەکەی سەرکەوتنەوە بگیرسێتەوە، بەڵکو وای لێدێت بۆ بەگەڕ خستنی ماشێنی دەوڵەت و ماشێنی ڕاگەیاندن پیوێستی بە سەرکەوتنی ڕۆژانە هەیە، واتە بە تەنها سەرکەوتنێکەوە داناسەکنێت، بەڵکو بەردەوام پێویستی بە دروستکردنی شانۆگەریی هەیە کە بتوانێت دواجار بە سەرکەوتویی لێی بێتەدەرێ. ئیدی بۆ درێژەدان بەم نمایشە بەعس بەردەوام دەستکاری مانای سەرکەوتن دەکات، تا دواجار ئەم وشەیە لە کولتووری بەعسدا ڕەهەندێکی کۆمیدی وەردەگرێت. لەوساتەدا کە پتر لە سەد هەزار عێراقی لەسەر ڕێگای پاشەکشەدا لە کوێت، لە ناو تانک و زرێ پۆشەکانیاندا دەسووتێن، سەدام لە ڕادیۆوە دەڵێت: (مااحلی النصر بعون اللە).